چاویارنیوز ــ سەرباری بەردەوامی پڕۆسەی ئاشتی نێوان پەکەکە-تورکیا، لە ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی تەمووز، سوپای تورکیا بە بەشداری نزیکەی (٢٥٠) سەرباز، ئۆپەراسیۆنێکی خاکڕەوی بۆ سەر گوندەکانی دەڤەری (گولی) لە قەزای باتیفا لە پارێزگای دهۆک دەستپێکرد.
سەرەتا لە ڕۆژی سێشەممە، سەربازەکان لە ڕێگەی چەند هەلیکۆپتەرێکەوە لەسەر چیای (سیارا ستەورێ) جێگیرکران و بارەگایەکی سەربازیان لەسەر چیاکە دروستکرد. لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوار شەممە، ٣٠ی تەمووز، سەربازەکان دەستیان کرد بە کیوماڵکردنی تەواوی گوندەکانی دەڤەری گولی و هاتن و چونی ناو گوندەکان بە تەواوی قەدەغەکرا.
سەربازەکان، لە گوندی (کەشان)ەوە بەرەو گوندی (بانکێ) ڕۆشتن و بازگەی هێزی پاراستنی سنوری عێراقیان تێپەڕاند و دواتر بەرەو گوندەکانی (شلین، شیلانێ، بانکێ، لێهڤانێ، ئەبلەهێ و پیربلا) بەردەوامیان بە کیوماڵکردنەکەیاندا.
سوپای تورکیا، لە ڕۆژی دوو شەممە، ٢٨ی تەمووزەوە هەموو ڕێگاکانی گوندی کەشانی بۆ سەر ڕەز و باخ و بێستانی جوتیارەکان داخستووە و تەواوی گوندنشینەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
سوپای تورکیا، مەبەستیەتی لە ڕێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، ڕێگری لە گەڕانەوەی گوندنشینان بۆ سەر گوندەکانی خۆیان بکات و پڕۆژەی دروستکردنی (ناوچەی دابڕ) لە گوندەکانی سەرسنور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێبکات و بەتەواوی هەژموونی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.
No Comment! Be the first one.