چاویارنیوز _ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ئەو کێشە داراییەی پارێزگاکەی گرتوەتەوە چارەسەر نەکرێت، تاکو هەفتەیەکی دیکە رێژەیەکی گەورەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەسلێمانی ڕادەگیرێن.
د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند: ساڵانە بڕێک پارە وەک تەرخانکراوێک بۆ کڕینی دەرمان و پێدوایستی و ئامێری پزیشکی دادەنرێت، ئەمساڵ لەکۆی 27 ملیار دیناری تەرخانکراو، تەنها توانیومانە حەوت ملیار دیناری خەرج بکەین، چونکە پارەی نەختینەمان نییە و کۆمپانیاکان ئامێرە تەندروستییەکانمان پێ نافرۆشن.
د. سەباح هەورامی ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمبونەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان نەشتەرگەرییەکانی قەستەرە ناگرێتەوە و هەوڵدەدەین سەنتەرەکانی فریاکەوتنەکانیش کەمترین کاریگەرییان لەسەر هەبێ، بەڵام خزمەتگوزارییەکانی تریش هەموی هەستیارن.
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: بۆ نمونە ئەگەر کیسی خوێنت نەبێ و نەتوانی پشکنینی ڤایرۆس بۆ خوێنی نەخۆش بکەین، هەموو نەشتەرگەرییەکان بە فریاکەوتنەکانیشەوە ڕادەگیرێن، چونکە بەهیچ جۆرێک ناتوانیت خوێنێک بکەیتە جەستەی کەسێکەوە، کە پێشوەخت پشکنینی ڤایرۆسی بۆ نەکرابێت، ئەو کێشەیە چارەسەرەکەی لە وەزارەتی داراییدایە و پێویستە لانیکەم 50%ی ئەو 27 ملیار دینارەمان بۆ خەرج بکرێت.
تەندروستیی سلێمانی زەنگی مەترسی لێدا
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند: لەچەند ڕۆژی داهاتودا خزمەتگوزاری تەندروستی بەشێوەیەکی بەرچاو لەسنووری پارێزگای سلێمانی کەمدەکات و ناتوانین زۆربەی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکەین.
No Comment! Be the first one.