چاویارنیوز – لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی سیاسی و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کارۆخ سەید ڕزگار، سەرۆکی حزبی کڵپەی نیشتمانی کوردستان، ڕەخنەی توند ئاراستەی پەرلەمان و هێزە سیاسییەکان دەکات و جەخت لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هۆشیاریی نیشتمانی دەکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
سەرۆکی حزبی کڵپەی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ کێشمەکێش و جوگرافیایەکی سەختدایە، بۆیە پاراستنی قەوارەکەی پێویستی بە سیاسەتێکی نیشتمانیی ژیرانە، یەکگرتوویی و ئاستێکی بەرزی هۆشیاری هەیە. ناوبراو وتی: “گەر بە خۆمان خەمی خۆمان نەخۆین و ڕێگای دروست نەگرینەبەر، تەنانەت ئەگەر زلهێزەکانیش پشتیوانمان بن، ناتوانین لەم دۆخە خراپە بە سەلامەتی دەرباز ببین.”
سەید ڕزگار ڕەخنەی توندی لە کارەکانی پەرلەمانی کوردستان گرت و ڕایگەیاند: “لەجیاتی ئەوەی پەرلەمانی کوردستان خەمێک لە دۆخی ناهەمواری خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بخوات، کەچی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و مووچەی زۆر بۆ پەرلەمانتاران دابین دەکات.”
لە کۆتایی قسەکانیدا، هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخەی بۆ “ناهۆشیاریی خەڵک” گەڕاندەوە و وتی: “من بەش بەحاڵی خۆم ئەم دۆخە لە ناهۆشیاریی خەڵکدا دەبینم کە کاتی دەنگدان بیریان دەچێتەوە. سیاسەتی ئۆپۆزسیۆنیش لە هەرێمی کوردستان بۆ خۆدەوڵەمەندکردنە و دەسەڵاتیش لەم ڕێگەیەوە ئامانجەکانی خۆی دەپێکێت.”
No Comment! Be the first one.