چاویارنیوز – سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە بەغدا لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سکاڵایەکی دژی کارەبای ۲٤ کاتژمێری (پڕۆژەی ڕوناکی) تۆمارکرد.
دادگای فیدڕاڵی ڕۆژی ۲۰ی ئەم مانگەی بۆ یەکەم دانیشتن دەربارەی سکاڵاکە دیاری کردووە.
پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ سکاڵاکەی دژی هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تۆمار کردووە. لە سکاڵاکە داوا دەکات بڕیاری ژمارە ۲٨۰ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ۱٤ی ئایاری ۲۰۲٥ هەڵبوەشێتەوە تایبەت بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی کارەبای بەردەوامی ۲٤ کاتژمێری. کەتێیدا ۲٥٦ ملیار دیناری ساڵانە بارگرانی دەخاتە سەر هاوبەشانی کارەبا لەهەرێم.
پڕۆژەی ڕوناکی لەهەرێم بریتییە لە دابین کردنی کارەبای ۲٤ کاتژمێری بەپێی بەکارهێنان. نرخی کیلۆواتێک کارەبا لە ۷۲ دینار بۆ ۳۰۰ دینار دەست پێدەکات و پڕۆژەکە لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک خراوەتە بواری جێبەجێکردن و ۳۰ لەسەدای هاوبەشانی کارەبای هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدان و بڕیارە تا کۆتایی ساڵی داهاتوو کارەبای هەموو ناوچەکانی هەرێم بکرێت بە سیستەمی ۲٤ کاتژمێری.
No Comment! Be the first one.