چاویارنیوز _ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی دروستکردنی ژینگەیەکی دروستەوە، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
له‌ماوه‌ی ڕۆژانی 3ــی ئۆكتۆبه‌ر تاوه‌كو 8ــی نۆڤەمبەری 2025، پڕۆسەی بانگەشەی هه‌ڵبژاردنی ئهنجوومەنی نوێنه‌رانی عێراق بەڕێوەدەچێت، کە بەربژێران و لیست و قه‌واره سیاسییەکان کارەکانیان ئەنجام دەدەن، له‌م ماوه‌یه‌دا، ململانێ و گوتاری سیاسی و میدیایی تووند ده‌بێت، به ڕاددەیەک کە زۆرینه‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیا و رۆژنامه‌نووسان ده‌بنه به‌شێك له‌م تووندبوونی گوتار و لێدوان و ركابهرییە سیاسییە.
له‌ره‌وشێكی وه‌های چاوهڕانكراودا، به‌پێی ئه‌زموونی خوله‌كانی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئهنجوومەنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، ناخوازێت هیچ پێشێلكارییه‌ك له‌دژی رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگه‌كانی میدیا دووباره ببێته‌وه.
لەم ڕوانگەیەوە بانگ له هه‌موو لایه‌نه سیاسییەکان، بەربژێران، دامه‌زراوه فه‌رمییەکانی حکوومەت و كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كەین، هاوكاری رۆژنامه‌نووسان بکەن، به‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه رۆژنامەنووسان ته‌نیا پیشه‌یه‌كی گرنگ پیاده ده‌كه‌ن، كه پێوه‌ری ئازادی و دیموكراسییه بۆ هه‌رێمی كوردستان، داوادەکەین ڕێز لە رۆژنامەنووسان و دەزگە فەرمییەکان بگرن و هاوکاریان بن.
ئەنجوومەنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، داوا له ده‌زگه‌كانی میدیا ده‌كات، له گوتاری میدیاییاندا، خۆیان به‌دوور بگرن له‌هه‌ر شێوازێكی كاری رۆژانه‌دا، كه ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگەی سیاسیی دەشێوێنێت، لە بەرانبەر ئەوەدا ئیتیک و پرۆفیشیناڵی له‌كاری میدیایی پێڕەو بکەن.
له هه‌مانكاتدا، داوا لە رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كه‌ین، له‌كاتی رووماڵی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن دا، پێناسی رۆژنامەنووسی و جلی ناسینه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسان بپۆشن، هەروەها مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تیی پیشه‌یی پێڕەو بكه‌ن. هاوکات لەگەڵ بوونی هەر پێشێلکارییەک لە دژیان، داوا لە رۆژنامەنووسان دەکەین لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسان و مافی رۆژنامەنووسان ئاگەدار بکەنەوە.
بەهیوای ژینگەیەکی دروستی بانگەشەی هەڵبژاردن و کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان.
No Comment! Be the first one.