كاروان یاروەیس: نەبوونی یاسای نەوت و غاز هۆكاری كێشەكەیە
چاویارنیوز – لەوتووێژی لەگەڵ دەزگای چاویارنیوز، كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند لەسەر مووچە، قوڵە.
وتیشی: لەناوەڕاستی ساڵی 2014وە ئەم ناكۆكییە سەریهەڵداوە لەسەر مەلەفی نەوت و دارایی و حسابات، خۆشبەختانە هەنگاوی گەورەمان نا بۆ چارەسەركردنی، هەم لە ڕێگەی دادگای ئیتیحادییەوە و هەم لەڕێگەی یاسای بودجە و هەمواركردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراقەوە، بۆئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە، ئەو ڕێككەوتنانەی لەنێوان هەردوو سەرۆكی حكومەت و هەردوو وەزارەتی دارایی ئیمزا كرا.
باسی لەوەشكرد: ئەوەی ئەمجارە بەلای ئێمەوە سەیربوو، كێشەكانی پێشتر هەردوو حكومەت ئاگاداری كێشەكان بوون و چارەسەر دەكرا، بەڵام ئەم مانگە لەپڕ و پێش جەژن، وەزیری دارایی عێراق ڕاستەوخۆ تەمویلی مووچە بەشێوەیەكی یەكجارەكی راگرت. خەریكبوو چارەسەری كێشەكە بگێڕێتەوە بۆ خاڵی سفر. بەڵام چارەسەری ئەم كێشەیە ئەوەیە هەردوولا بگەڕێنەوە بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی.
لەبارەی یاسای نەوت و غازەوە ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند: مەسەلەی نەوت بەشێكی ئەم كێشەیەی نێوان هەرێم و ناوەندە كە تا ئێستا هەناردە نەكراوەتەوە، بەپێی یاسای یودجە و ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت حكومەتی هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بدات بە عێراق و ئەویش لە رێگەی سۆمۆوە بەبازاڕكردنی بۆ بكات، بەڵام وەك دەزانن گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم لەگەڵ ئەو پێوەرانەی وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی پێدەگات، جساوازییان زۆرە.
كاروان یاروەیس باسی لەوە كرد: یەكێك لە كێشەكان یاسای نەوت و غازە، چەندجارێك هاتۆتە پەرلەمان و گەڕاوەتەوە بۆ حكومەت، یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی ئەم كابینەیەش كە دەنگمان بۆداوە، ئەو خاڵە بووە، لەڕاستیدا بەشێكیشی پەیوەندیی بە هەرێمەوە هەیە.
No Comment! Be the first one.