چاویارنیوز – بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە رێورەسمی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابخانەی (دمدم)ی زاخۆ لێدا، بە ئامادەبونی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، بەڵام بەشێکی مامۆستایانیش ڕایانگەیاندووە تا پێدانی مووچەکانیان بایکۆتی خوێندن دەکەن.
نزیکەی (6)هەزار قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان هەن، لەسەدا (57)یان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن و لەسەدا (43) یان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەن.
مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا سوپاسی مامۆستایانی كرد كە سەرەڕای قەیرانەکان، بەردەوامییان بە پرۆسەی خوێندن داوەو وتی: مامۆستای کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر و دڵسۆز، نەیانهێشتووە پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت، مامۆستایانی ناڕازیش حکومەتی هەرێم بە هۆکاری قەیرانەکان و بێمووچەیی دەزانن.
مەسرور بارزانی پیرۆزبایی دەکات بەڵام مامۆستایان بایکۆت
ئەمڕۆ زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەكانی هەرێمی کوردستان لێدرا، ساڵانە، نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، بەڵام تا ئێستا ژمارەی قوتابییەکانی ئەم ساڵ بە دیاریکراوی رانەگەیەندراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی نازانرێت کە ئایا ئەمساڵیش لەهەرێم بایکۆت دەبێت یان نا.

No Comment! Be the first one.