چاویارنیوز _هێمن مامەند ڕۆژنامەنووس لەبارەی هەوڵی تیرۆرکردنیەوە دەڵێت: 2ی ئاب مەبەستی خواردنی نانی ئێوارە چووم بۆ گەڕەکی عەقاریی شاری سلێمانی. من شوێنەکانم زوو زوو دەگۆڕم، ماوەی ساڵێک دەبێت نەچوومەته ئەو شوێنە، بەڵام دیارە دوژمنان بەدوامەوە بوون.
ڕایگەیاند: شتریش چەند جارێک هێزە ئەمنییەکان ئاگاداریان کردبوومەوە کە ئاگاداری خۆم بم، بەتایبەتی لەدوای ڕووداوەکانی 22ـی ئابی شاری سلێمانی.
وتیشی: گرووپێک بوون، ژمارەیەکیان (دوو کەس) لەناو ئۆتۆمبێلەوە چاودێریی منیان کردووە و ڕێنمایی تەقەکەرەکانیان کردووە کە دوو کەس بوون لەسەر ماتۆڕسکیلێک.
باسی لەوەشکرد: لە چێشتخانەکە زوو نانم خوارد و هاتمە دەرەوە. ڕۆیشتم بەرەو سەیارەکەم و هەر کە چوومە ناو کۆڵانەکەوە، ماتۆڕێک بە دوو سەرنشینەوە هات کە دەموچاوی خۆیان پێچابوو و کڵاویان لەسەردا بوو، یەکسەر دڵم خەبەری دا کە بۆ من دێن.
ڕاشیگەیاند: ویستم بە زوویی خۆم بگەیەنمە ناو سەیارەکە، بەڵام بەر لەوە ماتۆڕەکە گەیشتە سەرم و تەقەیان لێ کردم.
وتیشی: یەکەم فیشەک بەر باڵم کەوت، هەستم کرد باڵم بوو بە دوو لەتەوە. فیشەکی دووەم (هەندێک دەڵێن پارچەیە)، بەر هەناوم کەوت.
ئاماژەی بەوەشکرد: قۆڵم نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە و دوو هەفتەی دیکه نەشتەرگەرییەکی تری بۆ دەکرێت و سێ پلاتینی بۆ دادەنرێت. بەڵام ئەو پارچە یان فیشەکەی لەناو هەناومایە، هێشتا دەرنەهێنراوە، وتیان نەبادا لە کاتی دەرهێنانیدا زیانی تری هەبێت.
جەخت لەوەشدەکاتەوە: هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە ماوەی سێ ڕۆژدا زیاتر لە 800 ماتۆڕیان گرتووە، نزیکەی 1000 کامێرایان لێداوەتەوە، ئامانجیان بوو تەقەکەران بدۆزنەوە.
ڕاشیگەیاند: ئەو دوو کەسەی دەستگیر کراون، یەکێکیان ئەوەیەک کە ماتۆڕەکەی لێخوڕیوە و ئەوتریان تەقەکەرەکەیە، دوانەکەی دیکە کە لەناو ئۆتۆمبێلەوە ڕێنماییان کردوون، بۆ هەولێر هەڵاتوون.
هێمن مامەند باسی لەوەشکرد: لە دانپێدانانی سەرەتاییدا تەقەکەرەکە وتوویەتی: من هێمن مامەندم تەنیا لە تەلەفزیۆن و وێنەدا بینیوە، هیچ کێشەیەکی شەخسیم لەگەڵی نییە، بەڵام منیان ناردووە بۆ ئەو کارە. بۆیە دەبێت بزانین کێ ناردوویەتی و چ بەرپرس و تۆڕێک لە پشت ئەم پیلانەوەن؟
No Comment! Be the first one.