چاویار نیوز – بەپێی زانیارییەکان، سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتیی کوردستان لیژنەیەکی باڵای بۆ سەردانیکردنی مەیدانیی ناوچە جیاوازەکانی ئەو سنوورە پێکهێناوە.
هەر بەپێى زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی لیژنەکە کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسان، ستافی لقەکان و کادرانی حزبەکە، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشەکان، گوێگرتن لە داواکارییەکان و وەرگرتنی هەڵسەنگاندنی کادران سەبارەت بە دۆخی حزبی و جەماوەریی ناوچەکە.
لە چوارچێوەی کارەکانیدا، تا ئێستا لیژنە باڵاکەی پارتی سەردانی ئەم ئۆرگانانەی خوارەوەی کردووە:
• لقی 3 لە ناوەندی پارێزگای کەرکوک.
• لقی 25 لە دەوروبەری کەرکوک.
• لقی 22 لە ئیدارەی گەرمیان.
• لقی 19 لە قەزای چەمچەماڵ.
ئەم جوڵە ئۆرگانییەی پارتیی دیموکراتیی کوردستان دوای ئەوە دێت، کە لە دوایین پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، ئاستی دەنگەکانی ئەو حزبە لەو ناوچانە وەک پێویست نەبوو؛ بە جۆرێک لە پارێزگای کەرکوک تەنیا یەک کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا، هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانیش، بەتایبەتی لە بازنەکانی گەرمیان و چەمچەماڵ، هیچ کاندیدێکی پارتی نەیتوانی متمانەی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بگاتە پەرلەمان.
پێکهێنانی ئەم لیژنەیە هەنگاوێکی سەرەتایی پارتییە بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی پاشەکشەی دەنگەکانی و داڕشتنەوەی ستراتیژییەکی نوێ بۆ خۆڕێکخستنەوە و بەهێزکردنەوەی پێگەی جەماوەریی لەو ناوچانە.
No Comment! Be the first one.