پەرلەمان مەرجەع نییە، بەڵکو مورەجیعە
چاویارنیوز – حاکم لەتیف شێخ مستەفا، پسپۆڕی یاسای دەستووری، ڕەخنەی توندی لە کارکردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گرتووە و بەراورد و نموونەیەکی جوانی هێناوەتەوە.
حاکم لەتیف لە وتەکانیدا پرسیاری کردووە : “پەرلەمان مەرجەع یان مورەجیع؟” و ڕایگەیاندووە کە “پەرلەمانیان هەڵبژاردووە بە حیساب مەرجەعی باڵایە بۆ پرسە چارەنووسازەکان، بەڵام دڵیان نایە ئیشی پێ بکەن دەڵێن با بەلۆکی بمێنیتەوە”.
حاکم لەتیف شێخ مستەفا ڕەخنەی توندی گرتووە لەوەی “لە جیاتی ئەو حزبەکان کۆبوونەوە دەکەن، ئەویش خاوەنەکانی حزب نا بەڵکو مۆزەفەکانی پلە دە و هەندێ خاوەن دوکانی سیاسی بۆ ئەوەی بە حیساب هەڵوێست لەسەر بابەتێکی چارەنووسازی خەڵک ڕابگەیەنن”.
حاکم لەتیف تاڵیی لە بارودۆخی دەرخستووە و گوتوویەتی: “دوای ۳۵ ساڵ هەمان عەقڵیەتی شاخ و بەزەڕەیەکیش نەچونە پێش”.
بۆ ڕوونکردنەوەی بیرۆکەکەی، حاکم لەتیف چیرۆکێکی گوێدرێژی هێناوەتەوە: “ئەوە کاتی خۆی زەلامێک کڵاشی تازەی کڕیبوو دڵی نەهاتبوو لە پێیان کات چووبو بۆ سوڵح و ڕانک و چۆغەی جوانی لەبەر کردبوو سمێلیشی چەوڕ کردبوو بەڵام هەر پلاو دڕاوە کۆنەکەی لە پێ کردبوو کە زۆر تەنک ببوو، لە ڕێگای بزماریک لە پێی هەڵچقیبوو برینداری کردبوو وتبوی هەزار سڵاو لە عەقڵی خۆم باش بوو کڵاشە تازەکەم لە پێ نەکرد ئەگەرنا کڵاشەکە کون دەبوو”.
شارەزای سیاسی ڕوونکردنەوەی بۆ وشەی “مورەجیع” داوە و گوتوویەتی : “مورەجیع شتیکە لە بۆری ئاوی ماڵان دەبەسترا بۆ ئەوەی کە تەنکی ماڵەوە پڕ بوو ئاوەکە نەگەڕێتەوە بۆ ناو بۆریەکانە”.
بەم بەراوردەی حاکم لەتیف ئاماژەی بە ئەوە کردووە کە پەرلەمان دەبێت ببێتە سەرچاوەی بڕیارگرتن و یاسادانان (مەرجەع)، بەڵام لە ئێستادا تەنیا ڕێگر دەخاتە ڕووی کارەکان (مورەجیع).
No Comment! Be the first one.