چاویارنیوز _ کاوێز مەلا پەروێز ڕۆژنامەنووسی دیار و ناسراوی شاری کەرکوک دەنووسێت: نەمدەویست هیچ بنووسم، بە تایبەت لەسەر خەڵکێکی بچووک، وەلێ بۆ خۆشەویستیی کەرکووک خۆم پێ نەگیرا. ئاخر ناکرێ لەم سەردەمە لەسەر شاشەی میدیاکان خەڵک هەبن هێندە ڕوویان قایمە بێت بەو جۆرە درۆی زل و قەبە بکەن، کە پێیانوایە؛ خەڵکی ئەم شارە قوربانیدەرە، هێندە گەوجە ئاسان باوەڕ بە درۆی ئەم و ئەویان دەکات.
کاوێز مەلا پەروێز ڕایدەگەیەنێت: لە وەڵامی چەواشەکاری شاخەوان عەبدوڵڵادا، پارتی بۆ ئەوەی ڕاکان جبوری بەسەر کەرکووکدا بسەپێندرێ، ئیڕادەی زۆرینەی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگەی شارەکەتان پەکخست، ئەوە دوێنێ بوو، کەرکووکییەکان چاک دەزانن کێ بوو دەرفەتی زێڕینی بە ڕاکان جبووری بەخشی و سەپا.
وتیشی: ئێمەی پەرۆش بۆ ئایندەی شارەکە، کەوتینە ئاشکراکردنی ئەو کلک گرێدانەی ئێوە هەم لەگەڵ ڕاکان هەم لەگەڵ تورکیا. لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کۆتایی ساڵی 2023، گروپی شاخەوان پێویستیان بە درۆی تر هەبوو، بۆیە دەستیاندایە چەواشەکردنی رای گشتی لە ژێر ناو و ناونیشانی دژایەتیکردن و لادانی ڕاکان سەعید. پێش هەڵبژاردنیش ئۆینێکیان لەسەر بارەگەکەی پارتی نایەوە و ژمارەیەک گەنجی ئەم شارەیان بە دەستی ئەحبابەکانی ڕاکان بە کوشتدا، تەنیا بۆ ئەوەی دوو دەنگ زیاد بکەن کە چەند هەزارێکیان کەم کرد؟!
باسی لەوەشکردووە، ئێستا ئەم برادەرە کە هەگبەکەی پڕ لە درۆیە، درۆیەکی تری پێوە ناوە، گوایە ئەوان ڕاکان سەعیدیان لە پۆستی پارێزگەر خستووە! ئەمەیان بۆ هەر تاکێکی کەرکووکی پێکەنینێکی درێژی ئەوێ، درۆیەک کە کەم کەرکووکی هەیە نەزانێ ئێستاش پارتی و ڕاکان جبووری پێکەوە لە بەرەیەکدان دژ بەم ئیدارە و ئیڕادە کوردییە. بە جیا لە دادگەکانی عێراق بە یەک ناوەڕۆک سکاڵایان لەسەر ئیڕادەی کوردی کەرکووک تۆمار کرد و لە کاتی ئەو هەموو درۆیەی شاخەوان دا بە ئێستایشەوە لەبەر ڕاگرتنی دڵی جبووری پێکەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگەیان کردووە.
ئاماژە بەوەشدەکات، پێش پێکهێنانی ئەم ئیدارەیە بڕیار بوو، موبارەکەی تورکیا هەر سێ لایەنی پارتی و ڕاکان و بەرەی تورکمانی چەند ساڵێکی تر پۆستی پارێزگەر بە ڕاکان ببەخشن. بۆ ئەوەیش کاکی چەواشەکار کە گوایە ڕاکانی لە پۆستەکە لاداوە خۆی لە کۆبوونەوەکاندا بووە. زانیارییەکانیشم بای ئەوەندەیە، بەو درۆ و فیشاڵە سەرکردەکانی پارتیشی بە هەڵەدا بردووە، وەک چۆن ئێستا ئەیەوێ بەم جۆرە لە چەواشەکارییە بۆ دوو دەنگ خەڵکی کەرکووک فریو بدات، کە ناتانێ..
ڕاشیگەیاندووە: لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ڕاستگۆیی پشتی درۆی شکاند، ئەمجارەیش درۆی بێ برەو هەر بە تەنیا سەری پارتی نا، سەری شاخەوان ـیش لە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان ئەخوات!
کاوێز مەلا پەروێز بۆ شاخەوان عەبدوڵڵا: ڕووتان قایمە
ڕۆژنامەنووسێکی دیاری کەرکوک ڕایدەگەیەنێت: ئێستاش پارتی و ڕاکان جبووری پێکەوە لە بەرەیەکدان دژ بەم ئیدارە و ئیڕادە کوردییەی لە کەرکوک هەیە.

No Comment! Be the first one.