چاویارنیوز _ دانا مەنمی رۆژنامەنووس دەڵێت: بە نەزانی ریفراندۆم ئەنجام درا، پێگەی هەرێمی کوردستان لەباربراو عێراقیش بەهۆی ریفراندۆمەوە بویەوە بە دەوڵەت، لەو دەمەشدا شۆڕەسوارانی ڕیفراندۆم منەتی کەسیان نە دەزانی و پارتی و سەرۆکی پارتیش لە بانگەشەیان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەیانگوت: گفتوگۆی داهاتومان لەگەڵ عێراق تەنها بۆ ئەوەیە کە چۆن ببینە دوو جیرانی چاک.
باس لەوە دەکات، تیلەرسن دوو رۆژ پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم نامەیەک بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت کە بە زمانی دیپلۆماسی و بەناوی هەموو ئەمریکا و دەزگا رەسمییەکانەوە داوای راگرتنی ریفراندۆم دەکات بۆ ماوەی یەک ساڵ ، لە نامەکەیدا (تیلەرسن) بەڵێن دەدات کە کێشەی کورد دەبرێتە ئەنجومەنی ئاسایش بەهاوکاری هاوپەیمانەکان ( بەریتانیاو فەرەنسا) هەڵەی ساڵی ١٩٢١ راست دەکرێتەوە، لە هەمووی گرنگتر لە خاڵی سێیەمی نامەکەیدا دەڵێ “ سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقدا بە پێی مادەی ١٤٠ یەکلای دەکرێتەوە بە هاوکاری ئەمریکا و UN ، بەڵام مەسعود بارزانی بە هەموو ئەوانە رازی نەبوو ، دوای ریفراندۆم کاردانەوەی توندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، یەکەمین کاردانەوەو هەنگاوی زلهێزەکان بەتایبەت ( ئەمریکاو بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا) تەعامول نەکردن بوو لەگەڵ مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
ئەم ریسکە سیاسییەی کە مەسعود بارزانی بە هۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە کردی، ئاگری لە رق و توڕەیی ئەمریکا بەردا بەرامبەر کورد، ئەمریکاش کاڵەکی بە ئەژنۆی بارزانی شکاندو دوای ریفراندۆم ئامادە نەبوو هیچ مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵدا بکات، بەڵام پارتی لە چەواشەکاری بانگەشەی ریفراندۆم دا باکی بە شکستەکەو زەرەرو زیانەکانی ریفراندۆم نەبوو هێندەی لەخەمی ئەوەدا بوو کە بارزانی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوەو فەزاحەتی ویلایەتەکەی پینە بکات.
No Comment! Be the first one.