چاویارنیوز _ لەڕاگەیەنراوێکی مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتیدا هاتووە، بە 33 ساڵی حوکمڕانی کوردی و لەماوەی 6 خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هەڵبژاردنە خۆجێییەکان و 22 ساڵی ئازادبوونی عیراق و هەڵبژاردنی 5 خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردن لە ناوچە جێناکۆکەکان و لە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا، کە بەرنامە و داخوازیی سەرەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، پاشان لە رێکخستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای فیدراڵی، دیسان، دروشم و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە یەکەمین خولی هەڵبژاردندا، هەروا گێڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان و چەسپاندنی ماددەی 140 لە دەستووری عیراق و چەندین بەرنامەی دیکەی سیاسی کارگێڕی و خزمەتگوزاری، شاهیدی ئەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەن کە هێزێکە لەگەڵ دەنگدەر و بەڵێنەکانیدا راستگۆیە.
باس لەوەشدەکات: وتاری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە کاتی راگەیاندنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، کاتێك رایگەیاند: “حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوکاتە پێکدێت، کە داخوازییەکانی گەلی کوردستانی تێدا جێکرابێتەوە”، واتا لەبنەڕەتدا بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
وتیشی: یەکێتی، روون و ڕەوان دروشمی ئەوەی بەرز کردۆتەوە (هێزی تۆین لە بەغدا) ئەو دروشمە ئەوە دەگەیەنێت کە چەقی داخوازییەکانی گەلی کوردستان، لە قۆناغی ئێستادا لە بەغدایە و کێشەکانمان لەوێ چارەسەر دەبن، یەکێتیی لە خەبات و تێکۆشانی بەردەوامیدا، بۆ تەواوکردنی داخوازییەکانی گەلی کوردستان و چەسپاندنی دیموکراسی، بــەغــداد بەسەنگەری پێشەوەی خەباتی نەبڕاوەی خۆی دەزانێت.
ئاماژە بەوەشدەکات، بۆ ئەوەی داواکانی کورد جێبەجێ بکرێن، پێویستمان بە یەکێتییەکی بەهێز هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران، تا بتوانێت مافە زەوتکراو و نەدراوەکانی گەلی کوردستان کە لە دەستووردا جێگایان کراوەتەوە، بەدەست بێنێتەوەو هاووڵاتییانی کوردستانیش بەئارامی، ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێوەببەن.
بەرەو بەغدا بۆ جێبەجێکردنی دەستوور
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیەوێت بەڵێن و داخوازی و بەرنامەکانی خۆی لە بەغدا جێبەجێ بکات، هەرگیز لە بەڵێنەکانی پاشەکشێی نەکردووە و بەرنامەکانی خۆی بە کردار جێبەجێی کردوون، بۆ ئەمجارەش بە دروشمی "بەرەو بەغداد بۆ جێبەجێکردنی دەستوور"، بانگەشەی خۆی چڕتردەکاتەوە.

No Comment! Be the first one.