چاویارنیوز _ سەنتەری میترۆ وەڵامی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دەداتەوە و ئاماژە بەوەدەکات: هەر سەرنجێک یان ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە کاری دامودەزگاکانی راگەیاندن هەبێت، پێویستە بە شێوەیەکی یاسایی و لە چوارچێوەی شەفافیەتدا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، دوور لە تۆمەت و گلەیی کە دەتوانێت ببێتە هۆی فشار لەسەر رۆژنامەنووسان یان سنووردارکردنی ئازادی کاری راگەیاندن.
میترۆ داوای لە پارێزگاری هەولێر کردووە، جیاکاری لەگەڵ میدیاکاندا نەکات، ئەگەر خەمی ناپیشەییبوونێتی، ئەوە قسە لە سەر گوتاری میدیایی بەشێکی زۆری میدیا و سۆشیاڵ میدیای حزبەکانتان بکە کە هەموو سنوورەکانی ئاکاری رۆژنامەگەری بەزاندووە
سەنتەری میترۆ ڕاشیدەگەیەنێت: هێرش بۆ سەر میدیا و تۆمەتبارکردنی بە ئاژاوەگێڕی لەلایەن بەرپرسانەوە پێچەوانەی بنەماکانی کاری میدیایی ئازادە، کاری رۆژنامەوانی، لەوانەش رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان، مافێکی دەستوورییە و بەشێکی سەرەکییە لە گەیاندنی زانیاری بە خەڵک”.
سەنتەری میترۆ وەڵامی ئومێد خۆشناو دەداتەوە
دوای ئەوەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دیوانی پارێزگا، هێرشی کردەسەر دەزگای ڕاگەیاندنی کەناڵ 8 و بە ئاژاوەگێڕ تۆمەتباریکرد، سەنتەری میترۆ بەپارێزگاری هەولێر دەڵێت: قسە لە سەر گوتاری میدیایی بەشێکی زۆری میدیا و سۆشیاڵ میدیای حزبەکانتان بکە کە هەموو سنوورەکانی ئاکاری رۆژنامەگەری بەزاندووە.
No Comment! Be the first one.