چاویارنیوز _ كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان دەڵێت: ماوەی چەند ساڵێکە هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر ماڵپەڕ و پەیج و میدیاكانی سنووری سلێمانی دەستیپێکردووە و لایەنێكی سیاسی لە سنوورێكی دیاریكراوەوە دەستی هەیە لەو هێرشەدا، مەبەست لەو کارەش تەنها بۆ بێدەنگكردنی سلێمانییە، یان نیشاندانی وێنەیەکی ناشیرینی ئەم سنوورەیە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان كە خاوەنداری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكەن.
باس لەوەشدەکات، هەندێک وێنە و ڤیدیۆ ئەگەر لە میدیاكانی هەولێر بڵاوبكرێتەوە بۆ ئەوان هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام ئەگەر هەمان وێنە و ڤیدیۆ لە میدیاكانی سنووری سلێمانی پەخش و بڵاوبكرێتەوە و بە دڵی ئەوان نەبێت، ئەوا دەیكەنە بیانوو بۆ ئەوەی ئەو ماڵپەڕە یان ئەو میدیایە بسوتێنن یان دایبخەن.
ئەوەش دەخاتەڕوو، بەحیساب لە هەرێمی كوردستان ئێمە فەرمانگەیەكمان هەیە بەناوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، كە بەرپرسە لەو بابەتە، بەڵام لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە ئەو فەرمانگەیەش قۆرخكراوە و لەبەرژەوەندی ئەو لایەنە كار دەكات، چونكە هەر ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئەو فەرمانگەیەوە 10 ماڵپەڕو میدیای خستە لیستی ڕەشەوە كە سەرجەمیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون، بۆیە ئەمە هەولێكە بۆ بێدەنگكردنی میدیای ئازاد كە ئەمە پێچەوانەی كاری ڕاگەیاندنە.
هەڵمەتێكی میدیایی ناڕەوا دژ بە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ئاماژەبەوەدەكات، هەڵمەتێكی ناڕەوا بە سلێمانی دەستیپێکردووە و فەرمانگەی میدیاو زانیاریش بەشێكە لەو هەڵمەتە.
No Comment! Be the first one.