چاویارنیوز ـ لە وتووێژی لەگەڵ چاویارنیوز، مامۆستایەكی زانكۆ رایدەگەیەنێت: توركیا ساڵانێكە بە پلانێكی ستراتیژی خەریكی ئەوەیە كە، ئاو بكات بە كارتێكی بەهێزی سیاسی و ئابووری و بازرگانی بەهێز بەرامبەر عێراق و سوریا.
د. یادگار عەلی مامۆستای زانكۆ بەچاویارنیوزی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو راپۆرتانەی كە هەیە توركیا 22 بەنداوی لەسەر سەرچاوەكانی ئاو بەرامبەر سوریا و عێراق دروست كردووە، كە مەترسیدارترینیان بەنداوی ئەلیسۆیە كە لەسەر رووباری دیجلە دروستی كردووە، پاشان بەنداوی ئەتا توركە كە لەسەر سەرچاوەی ئاوی فورات دروستی كردووە.
راشیگەیاند: ئەوەی توركیا بەرامبەر عێراق دەیكات بە بەرنامە و پلانێكی تۆكمە كردوویەتی و دەیەوێت هێز و باڵادەستی خۆی لەسەر عێراق و سوریا پیشان بدات، توركیا لە ئێسادا عێراق وەك نێچیرێك سەیردەكات و لەڕێگەی ئاوەوە کۆنترۆڵی دەکات.
باسی لەوەش كرد: لەبەرئەوەی عێراق و هەرێم پەیوەندییەكی بازرگانی و ئابوورییان لەگەڵ توركیا هەیە بەتایبەتی كاركردنی كۆمپانیا توركییەكان لەم ناوچەیە، هەروەها ناردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە كە تەنها سەرچاوەی داهاتی دارایی و ئابووری بوو بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمە وایكردووە هەرێمی كوردستان نەتوانێت هیچ بەرامبەر توركیا بڵێت و ناچێتە بەرەیەكەوە كە دژی خواستەكانی توركیا بێت.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ وتیشی: كەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەردوو سەرچاوەی ئاوی دیجلە و فوراتەوە، كاریگەرییەكی زۆر گەورەی هەیە بەتایبەت لەسەر ژینگە، ئەوەش بووەهۆی وشكە ساڵی، چونكە زۆربەی خاكە بەراوەكان كە بە ئاو دەچێنرێن، ساڵانە كەمدەبنەوە و نامێنن.
دەڵێت: هێزە سیاسییەكانی عێراق یەك هەڵوێست نین بەرامبەر توركیا، بۆیە وایكردووە تائێستا بابەتی ئاو لای عێراقییەكان زۆر گرنگ نەبووە تاوایلێهات بووە ئەم قەیرانەی ئێستا هەیە، دواتر حكومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش بەرنامەی گەورەیان نەبووە بۆ چارەسەری قەیرانەكە و تازە ناتوانن هیچیش بکەن بەرامبەر توركیا و بگەڕێنەوە چوارگۆشەی یەكەم.
No Comment! Be the first one.