چاویارنیوز – چاوەکان بۆ چارەسەرى کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى دەچنەوە سەر دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، لەگەڵ قوڵبوونەوەى زیاترى کێشەکە، ئەوەش دواى زیاتر لە ساڵێک لە بڕیارى یەکلاکەرەوەى دادگا لەو بارەیەوە.
بڕیارەکەى 28 ى ئایارى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ راگرتنى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، جارێکى تر کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمەوە هێنایەوە خاڵى سەرەتا، ئەوەش دواى چوار مانگ لەناردنى مووچە لەمساڵدا بەپێی رێککەوتنى هەرێم و بەغداد لەسەرەتاى ئەمساڵدا.
لەگەڵ سەرهەڵدانەوەى کێشەکە، هەریەکە لە هەرێم و بەغداد یەکترى تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنى بڕیارى دادگاى فیدراڵى کە ساڵى 2024 دەریکرد و تێیدا مووچەى فەرمانبەرانى بەدەرکرد لە کێشەکانى هەرێم و بەغداد.
سودانى داواى رونکردنەوە دەکات
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رۆژى سێشەممە لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى عێراق ناردنى مووچەى بەستەوە بە پێدانى رونکردنەوە لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە لەبارەى بڕیارەکەى بۆ ئەوەى پاڵپشتى یاسایی هەبێت بۆ ناردنى مووچە، ئەوەش بەوتەى موسەننا ئەمین سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو.
موسەننا ئەمین لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا و لەزارى سودانییەوە باسى لەوەکرد، کە پێویستە عێراق و هەرێم رێز لە مەرجەکانى ناو بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى بگرن بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە.
رونیشیکردەوە، هەریەکە لە وەزارەتى دارایی، دیوانى چاودێرى دارایی، ئەمیندارێتى ئەنجومەنى وەزیران بڕیارى ناردنى مووچەیان بۆ هەرێم بە “نایاسایی” داناوە، بەڵام خۆى بەرپرسیارێتى هەڵگرتووەو لەمانگەکانى رابردوودا پارەى بۆ هەرێم ناردووە، ئێستاش ئامادەیە ئەوە بکات بەڵام لەبەرئەوەى هەرێم پابەند نییە بە رادەستکردنى 50%ى داهاتى ناوخۆ و نەوت، تەوتین نەکردنى مووچە، ناتوانێت چیتر ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت.
سودانى لەکۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە کە لەساڵى 2024 ەوە داواى رونکردنەوەیان لە دادگاى فیدرڵى کردووە کە بڕیارەکەیان بڕگەیەکى تێدایە و کێشە دروستدەکات چونکە نوسراوە لە چوارچێوەى پشکى هەرێم مووچە خەرج بکرێت، ئەوەش پەیوەستە بە خەرجى کردارییەوە و بەشى مووچە ناکات، ئەو چۆن ئەو بڕگەیە جێبەجێ بکات کە لەلایەکەوە دەڵێن نابێت مووچە پەیوەست بکرێت بە کێشەى سیاسی و دەبێت لە پشکى هەرێمیش بدرێت، بەڵام دادگا جەختیکردووەتەوە کە بڕیارەکەیان روونە و پێویستى بە رونکردنەوە نییە.
سودانى هەروەها ئاماژەى بەوەکردووە، جارێکى تر داواى لە دادگاى فیدراڵى کردووە رونکردنەوەى پێبدات لەو بارەیەوە و تا دادگا رونکردنەوەى پێنەدات ناتوانێت مووچە رەوانەى هەرێمى کوردستان بکات.
جگە لەو داوایەى سودانى، لە ئێستادا سکاڵایەکیش لەلایەن ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى هەرێمەوە ئاڕاستەى دادگاى فیدراڵى کراوە تا وەزارەتی دارایی عێراق پابەند بێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەویش لەسەر بنەمای بڕیاری ساڵى رابردووى دادگای فیدراڵی لەو بارەیەوە.
دادگاى فیدراڵى یەكشەممە 1-6-2025 لە راگەیەنراوێکدا جەختیکردەوە، کە بەم نزیکانە بڕیارێکى فەرمان سالارى لەبارەى سکاڵاکەوە دەردەکات.
“راگرتنى بڕیارەکەى وەزارەتى دارایی”
بەکر حەمە سدیق پارێزەری کەیسی ساڵى رابردووى مووچەخۆران لە دادگای فیدڕاڵی بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدا، کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەرووى یاساییەوە کۆتایی هاتووە، دواى ئەوەى ساڵى رابردوو دادگا پرسەکەى یەکلاکردەوە، ئەوەى ئێستاش هەیە کێشەى سیاسییە.
وتیشى “بەڵام لەسەر بنەماى ئەو سکاڵایەى لە رۆژانى رابردوودا پێشکەشکرا، لەرووى یاساییەوە دەکرێت دادگاى فیدراڵى بڕیارێک دەربکات بۆ راگرتنى بڕیارەکەى وەزیرى دارایی لەبارەى راگرتنى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم، بەڵام ناکرێت جارێکى تر بڕیار لەسەر دۆسیەکە بدرێتەوە، بەو پێیەى پێشتر دادگا لەو بارەیەوە بڕیاریداوە”.
بەوتەى بەکر حەمەسدیق، هەروەها دادگاى فیدراڵى دەکرێت رونکردنەوە بدات لەبارەى بڕیارەکانى بۆ ئەنجومەنى وەزیران و هەر فەرمانگەیەکى دیکەى پەیوەندیدار کە داواى رونکردنەوەى لێبکات، بەڵام جەختیکردەوە کە بڕیارى دادگا لەبارەى مووچەى فەرمانبەران زۆر روونە و هیچ شیکردنەوەیەک هەڵناگرێت و پێویستە عێراق و هەرێم وەکو خۆى جیبەجێى بکەن.
لە دۆخى ئێستادا، بەکر حەمەسدیق پێیوایە پێویستە بەپێی یاساى سزادانى عێراقى هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان بدرێنە دادگا بەهۆى جێبەجێنەکردنى بڕیارى دادگاى فیدراڵییەوە.
تەوتینى مووچە
سەرۆک وەزیرانى عێراق لەکۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ فراکسیۆنى یەکگرتوو هەروەها جەختى لە تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کردووەتەوە بەپێی بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى و بەوتەى سەرۆکى فراکسیۆنەکە، سودانى ئامادەیی نیشانداوە کە هەر فەرمانگەیەک لیستى مووچەیان بۆ رەوانە بکات بەمەبەستى تەوتین، مووچەکانیان بۆ خەرج دەکات.
دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لەماوەى زياتر لە ساڵێکدا دوو بڕیارى لەسەر و “تەوتینى” موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەرکردووە، لەگەڵ رونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە، لەیەکەم بڕیاریدا جەختى لە تەوتینى موچە کردەوە لە بانکە حکومییەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێم، بەڵام دواى کەمتر لە مانگێک پرسی هەماهەنگى بەغداد و هەرێمى کردە بەشێک لە جێبەجێکردنى پڕۆسەکە، دوایین جار و لە 18 ى شوباتى ئەمساڵدا فەرمانبەرانى هەرێمى سەرپشککرد لە بانکە مۆڵەت پێدراوەکان موچەکانیان تەوتین بکەن، بەبێ دیاریکردنى هیچ وادەیەک بۆ تەواوکردنى.
بەکر حەمەسدیق جەختیکردەوە، بڕیارەکەى دادگا لەبارەى مووچە و تەوتین روونە و پێویستە هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان جێبەجێ بکەن، لەئەگەرى جێبەجێنەکردنیشیدا دادگا رێوشوێنى یاسایی دەستپێبکات بۆ سزادانى ئەوانەى جێبەجێی ناکەن.
بڕیارى یەکەمى دادگا لە رۆژى 21 ى شوباتى 2024 دەرکرا، کاتێک دادگا دواى چەند دانیشتنێک سکاڵایەکى یەکلاکردەوە لەبارەى “تەوتینى” موچەى فەرمانبەران و هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراقى پابەندکرد بە “تەوتینى” موچە.
بڕیارەکە هەردوو سەرۆک وەزیرانى عێراق و هەرێمى کوردستانى پابەندکرد بە تەوتینى موچەى سەرجەم موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە بانکە حکومییەکانى عێراق و بڕینى پارەى موچە لە پشکى هەرێم، هەروەها رێگەى بە هەر فەرمانگەیەکى هەرێمى کوردستانیشدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتى دارایی عێراق بکەن لەو بارەیەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتى هەرێم لەبەغداد.
بڕیارەکە هەروەها سەرۆک وەزیرانى عێراق پابەند دەکات بە خەرجکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەدواى تەوتینى موچەکانیان و پێنەدانى پارەى موچە بەشێوەى قەرز.
بڕیارەکە لەدواى دەرچوونى بەبڕیارێکى مێژویی دانرا لەلایەن بەشێکى زۆر لە موچەخۆران و لایەنە سیاسییەکانەوە، بەڵام لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە پێشوازى لێنەکرا و جەختیکردەوە کە هەر پڕۆسەیەکى لەو شێوەیە دەبێت لە رێگەى حکومەتى هەرێمەوە بێت، بۆ ئەوەش جەختى لەپڕۆژەى هەژمارى من کردەوە لەجیاتى تەوتینى موچە.
بەهۆى ناکۆکییەکان لەسەر تەوتینى موچە، دادگاى فیدراڵى عێراق رۆژى 12 ى ئازاى 2024 رونکردنەوەیەکى لەبارەى پڕۆسەکەوە بڵاوکردەوە و جەختیکردەوە کە جێبەجێکردنى بڕیارەکە پێویستى بەکاتە و حکومەتى هەرێمى پابەند کرد بە هەماهەنگیى لەگەڵ بەغداد لەو بارەیەوە و وەزارەتى دارایی عێراقى پابەندکرد بە خەرجکردنى موچەى ئەو فەرمانبەرانەى کە هێشتا موچەکانیان تەوتین نەکراوە بەشێوەى کاش تا ئەوکاتەى موچەکانیان تەوتین دەکرێت.
هەمان رۆژ، دادگاى فیدراڵى لەسەر پێگەى فەرمى خۆى نوسراوێکى وەزارەتى دارایی عێراقى بڵاوکردەوە کە تێیدا پێدانى موچەى لەمانگى ئازارى 2024 مەرجدارکردووە بە تەوتینى موچە.
ئەو بڕیارانە کۆتاییان بە پرسى تەوتین نەهێنا و فەرمانبەرانى هەرێمى نەکردە خاوەنى هەژمارى بانکى خۆیان لە بانکە حکومییەکانى عێراق، بەپێچەوانەى ئەوەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان زیاتر پەرەى بە پڕۆژەى هەژمارى مندا وەک جێگرەوەى سەرەکى تەوتین.
دوایینجار دادگاى فیدراڵى رۆژى 18 ى شوباتى 2025 لەسەر بنەماى سکاڵایەکى سەرۆک کۆمارى عێراق، بڕیارێکى دیکەى لەبارەى تەوتینى موچە دەرکرد کە هەردوو وەزارەتى دارایی عێراق و هەرێمى پابەندکردووە بە جێبەجێکردنى رێوشوێنەکانى تەوتینى موچە لە بانکە مۆڵەت پێدراوەکانى بانکى ناوەندى عێراق بەهەمان رێوشوێنەکانى تەوتینى موچەى فەرمانبەرانى عێراق.
No Comment! Be the first one.