چاویارنیوز _ بەپێی ئەو ئاماژانەی هەیە سیستمی حوکمڕانی تورکیا بەرەو داخرانی زیاتر دەچێت، بەپێی راپۆرتێکی نوێی کۆمەڵەی ئازادی ڕادەربڕین لەتورکیا ئەوەی ئاشکراکردووە، تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ملیۆنێک و 264 هەزار و 506 ماڵپەڕ و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی لە تورکیا و باکووری کوردستان خراونەتە ژێر سانسۆری توندەوە کە ئەم ژمارەیەش شۆکهێنەرە و ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ هەڵکشانی سیستماتیکی گوشارەکان لەسەر ئازادی ڕادەربڕین لە وڵاتەکەدا.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت: سەرەڕای بڕیاری دادگای دەستووریی تورکیا بۆ لابردنی سانسۆر، بەڵام ژمارەی ماڵپەڕە بلۆککراوەکان بەردەوام لە زیادبووندایە، کە ئەمەش پرسیار لەسەر سەروەریی یاسا و پابەندبوونی دەسەڵات بە بنەماکانی دیموکراسی دروست دەکات.
کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان، سانسۆر خستنەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بووەتە کارێکی ڕۆتینی بۆ فەرمانگە جیاوازەکان و دادگاکانی تورکیا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئازادی ڕادەربڕین لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، کە وەک سەکۆیەکی گرنگ بۆ دەنگی جیاواز سەیر دەکرێت، لەژێر گوشارێکی بەردەوام و سیستماتیکدایە لەلایەن ڕژێمێکەوە کە تا دێت سنوورەکانی ئازادی بەرتەسکتر دەکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە سانسۆرکردن و ڕێگەگرتن لە کردنەوەی ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەپێی ئەم حەوت ساڵەی دوایی جۆرە بووە:
2018: 347 هەزار و 445 ماڵپەڕ و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی
2019: 408 هەزار و 494 ماڵپەڕ و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی
2020: 467 هەزار و 11 ماڵپەڕ و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی
2021: 574 هەزار و 798 ماڵپەڕ و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی
2022: 712 هەزار و 558 ماڵپەڕ و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی
2023: 953 هەزار و 415 ماڵپەڕ و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی
2024: 311 هەزار و 91 ماڵپەڕ و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی
بڕیاری سانسۆرکردنی ئەم هەموو ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە لەلایەن 825 دادگا و دامەزراوەی جیاوازەوە دەرچووە، کە ئەمەش قەبارەی ناوەندێتی سانسۆر لە تورکیادا نیشان دەدات.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، سانسۆرکردنەکە، بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هەر نالەبارە. تاکو کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ڕێگە لە کردنەوەی 270 هەزار ناونیشانی URL، 17 هەزار هەژماری تویتەر/ئێکس، بڵاوکردنەوەی 75 هەزار تویت، 25 هەزار و 500 ڤیدیۆی یوتیوب، 16 هەزار و 700 پۆستی فەیسبووک و 16 هەزار پۆستی ئینستاگرام گیراوە.
لەنێو ئەو ماڵپەڕانەی سانسۆریان خراوەتە سەر، ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکانی داکۆکیکار لە مافەکانی کورد بەدی دەکرێن. ماڵپەڕەکانی ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا، ژننیوز و یەنی یاشام چەندین جار ڕێگەیان لێگیراوە و هەژمارەکانیشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئێکس، ئینستاگرام و یوتیوب داخراون.
ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە تایبەتی هەوڵی کپکردنی دەنگی کورد دەدەن لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا.
کۆمەڵەکە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی ئەم ڕاپۆرتە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئازادی ڕادەربڕین و میدیا لە تورکیا، و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جدی لەم دۆخە بڕوانێت و فشارەکانی بۆ سەر حکومەتی تورکیا زیاد بکات بۆ پاراستنی مافی هاوڵاتیانی لە دەربڕینی بیروڕاکانیان بە ئازادی.
کۆمەڵەی ئازادی ڕادەربڕین:
سیستمی سیاسی تورکیا بەرەو داخران دەڕوات
راپۆرتێکی نوێی کۆمەڵەی ئازادی ڕادەربڕین لەتورکیا ئەوەی ئاشکراکردووە: سەرەڕای بڕیاری دادگای دەستووریی تورکیا بۆ لابردنی سانسۆر، بەڵام ژمارەی ماڵپەڕە بلۆککراوەکان بەردەوام لە زیادبووندایە، کە ئەمەش پرسیار لەسەر سەروەریی یاسا و پابەندبوونی دەسەڵات بە بنەماکانی دیموکراسی دروست دەکات.

No Comment! Be the first one.