چاویارنیوز _ بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی (النهار)ی لوبنانی ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەشداری کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات.
ئەمەش دوای ڕووداوەکانی سوەیدا لە باشووری سوریا و پێشتریش ڕووداوەکانی پێشێلکاریی و کوشتن لە کەناراوەکانی سوریا، ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا پێشنیاز دەکەن، کە کەسایەتییەکی سوریی ناحکومی بە شێوەیەکی نائاسایی بەشداریی لە کارەکانی هەشتاهەمین خولی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بکات.
ڕۆژنامە لوبنانییەکە لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە زانیویەتی، کە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە هەیە و پێدەچێت دواتر ڕێکخستن بۆ ئامادەبوونی کەسایەتییە ئایینی یان نەتەوەییەکانی سوریا لە نیویۆرک بکرێت. ئەمەش لەلایەن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، ئیبراهیم حەمادە لەگەڵ ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە بەڕێوەدەچێت، بەتایبەت بۆ پێشنیازکردنی کەسایەتییەکی سیاسیی سوری، کە نوێنەرایەتی کەمینەکان بکات یان پشتیوانیان بێت، وەک یەکێک لە سەرچاوەکان، کە ئەندامێکی نزیک لە حەمادەیە، پشتڕاستی کردەوە.
دیارترین کەسایەتییە سورییە کاندیدەکان بۆ ئامادەبوون لە کارەکانی هەشتاهەمین خولی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ژنەسەرکردەی کورد، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە.
No Comment! Be the first one.