چاویارنیوز ـ ڕۆژنامەنووسێک لەگفتوگۆی لەگەڵ چاویارنیوز، ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەى شەش ساڵى رابردووى ئەم کابینەى نۆدا، بەبەرنامە کار لەسەر دوو خاڵ کراوە: یەکەم: لاوازکردن و بێبەهاکردنى داوودەزگاکانى حکومەت. دووەم: بەهێزکردنى کۆمپانیاکان و سپاردنى هەموو کاروبارەکان بە کۆمپانیاکان.
بارام سوبحی نووسەرو ڕۆژنامەنووس دەڵێت: ئەم کابینەیە کار لەسەر ئەوە دەکات تا دوا چۆڕ دینار لە گیرفانى هاووڵاتى و موچەخۆردا نەهێڵێت، لە بەرانبەردا کۆمپانیاکان “ئاشكرايە کۆمپانیاکانیش هەر هى خۆیانە” دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر بکات.
وتیشی، حکومەتێک خۆى وەزارەتێکى بەناوى شارەوانى هەبێت و سەدان کرێکار و ئامێرى هەبێت، چ پێویست دەکات پاککردنەوەى شارەکان بداتە کۆمپانیاکان. حکومەتێک خۆى بەرێوەبەرایەتى و فەرمانگەى ئاوى هەبێت، چ پێویست دەکات دانانى پێوەرى ئاو و کۆکردنەوەى پارەى ئاو رادەستى کۆمپانیایەک بکات. حکومەتێک وەزارەتى ناوخۆى هەبێت چ پێویست دەکات دانانى کامێراى چاودێرى شەقامەکان بداتە کۆمپانیا؟ ئەگەر دۆزینەوەى کار نەبێت، چۆن دەبێت وەزیرى ناوخۆ داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ بەڕێوەبردنى کەمپى ئاوارەکان گرێبەست لەگەڵ رێکخراوێکى “خێرخوازى” نزيك لە دەسەڵات بکەن؟
جەخت لەوەشدەکاتەوە، حکومەت وەزارەتى داد و فەرمانگەى دادنووسى هەبێت، بۆچى پڕکردنەوەى بەڵێننامە دەبەخشێتە کۆمپانیایەک و فەرمانگەکەى خۆى بێکار دەکات؟، حکومەت وەزارەتى تەندروستى هەیە، کەچى پێدانەوەى بەڵگەنامەى لەدایکبوون و مردن دەداتە کۆمپانیایەک. حکومەتێک وەزارەتى کارەبا و سامانە سروشتییەکانى هەبێت، بۆچى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى وزەى کارەبا و کۆکردنەوەى پارەى کارەبا دەداتە کۆمپانیایەک؟
باس لەوەشدەکات، حکومەت بانکى خۆى هەیە، کەچى بۆ خۆدزینەوە لە تەوتین، هەژمارى من دروستدەکات و چەندین بانکى “ئەهلى!” دەهێنێتە ناو پرۆسەکەوە؟ ئێستا روو لە هەر فەرمانگەیەک دەکەیت، بۆت دەردەکەوێت ئەم حکومەتە کۆمپانیایەکى قوتکردۆتەوە و ناهێڵێت فەرمانگەکەى خۆى کارەکان بکات.
ڕاشیگەیاند، فەرمانگەکان بێکار بوون، حکومەت ئەوەى گوێ پێنەدات دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانە. بێئاگا لەوەى کە سەرمایەدار و خاوەن پارە بەدواى بەرژەوەندى تایبەتى خۆیدا دەچێت نەوەکو بەرژەوەندى گشتى. هەر ئەمەش وایکردوە ئەم کابینەیە متمانەى خۆى لەدەستبدات و چ کارێک بکات و چ بڕیارێک دەربکات، هاوڵاتیان دڵنیابن لەوەى کە لە بەرژەوەندییان نییە، بەڵکو دۆزینەوەى کارە بۆ کۆمپانیایەکى دروستکراوى خۆیان. هەرچەندە میدیاکانى خۆیان دەیان راپۆرت و بەرنامەى لەسەر بکەن و بەجۆرێک نمایشى بکەن کە لە بەرژەوەندى هاوڵاتیانە!!!
No Comment! Be the first one.