چاویارنیوز ـــ بارسێلۆنا شەممەی داهاتوو دوای چاوەڕوانییەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ نیوکامپی مێژوویی، یانەکەش ڕایگەیاند کە، سوپرایزێکی تایبەتی بۆ هاندەرانی ئامادە کردووە.
ئەمە لە یەکەم یاری فەرمی دوای نۆژەنکردنەوەی تەواوەتی یاریگاکە ڕوودەدات و بڕیارە پێش دەستپێکردنی یارییەکە پەردەی لەسەر لابدرێت، هەرچەندە وردەکارییەکانی هێشتا نهێنین. لەم یارییەدا بارسا میوانداری ئەتلەتیک بلبائو دەکات و هاندەرانیش شاهیدی گۆڕانکاری بەرفراوان دەبن لە ماڵی تیپە خۆشەویستەکەیان بۆ یەکەمجار لە دوای نۆژەنکردنەوە.
بڕیاربوو لە 10ی ئابی 2025 گەڕانەوەی بارسێلۆنا بۆ نیوکامپ دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی پێویستی وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن، یارییەکانی کردنەوەی وەرزی ئێستا لە یاریگای ئۆڵۆمپی لویس کۆمپانی بەڕێوەچوو. داخستنی نیوکەمپ لە هاوینی 2023 دەستیپێکرد بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی بیناسازی لە تۆپی پێی ئەوروپا. ئامانج لە نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە بریتی بوو لە گۆڕینی یاریگاکە بۆ فەزای مۆدێرن و زیرەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی نەوەی نوێی هاندەرانیدا بگونجێت.
پڕۆژەکە بریتی بوو لە دیزاینکردنەوەی تەواوەتی سەکۆەکان، زیادکردنی توانا، دانانی سەقفێکی نوێ بە تەکنەلۆژیای خۆر، نوێکردنەوەی فەزای بازرگانی و میدیایی و دروستکردنی ڕێڕەوی نوێی چوونە ژوورەوە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی. جگە لەوەش پێکهاتە کۆنەکە ڕووخێنرا و سیستەمی دەنگ و ڕووناکی و تەکنیکی بە تەواوی دیزاین کرایەوە. بەمەبەستی تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەکە بەبێ هیچ سنووردارکردنی کات، بارسێلۆنا بەشێوەیەکی کاتی گواسترایەوە بۆ یاریگای ئۆڵۆمپی لە مۆنتخویک.
ئێستا، شەممەی داهاتوو، هاندەران نەک هەر دەتوانن سەیری یارییەکانی تیپەکەیان بکەن لە نیوکەمپدا کە تازە دروستکراوە، بەڵکو ئەزموونێکی لەبیرنەکراویان دەبێت کە بارسا بە سوپرایزێکی تایبەتەوە دەگەڕێتەوە ماڵەوە.
No Comment! Be the first one.