چاویارنیوز ـــ هەڵبژاردەی نەرویج بە سەرۆکایەتی ئێرلینگ هالاند ئامادەکاری دەکات بۆ یارییەکی گرژ و زۆرەملێ بەرامبەر بە ئیسرائیل.
لەکاتێکدا بڕیارە ئەمڕۆ (شەممە) هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیسرائیل سەردانی نەرویج بکات لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، ڕۆژنامەی ئەتلەتیکی بەریتانی ئەم یارییەی بە “مشتومڕاویترین یاری تۆپی پێی جیهان” ناوبرد.
نەرویج لە 5 یاری دواییندا بە درەوشاوەیی ئێرلینگ هالاند سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەستێرەی سیتی هاوشێوەی خەڵک حەزی لە یاریکردن نییە بەرامبەر ئیسرائیل.
فیدراسیۆنی نەرویج ڕایگەیاند کە دڵتەنگن بە کوشتنی منداڵان لە غەززەدا، هەر بۆیە دەیەوێت داهاتی فرۆشتنی بلیتەکانی یارییەکەی بەرامبەر ئیسرائیل بۆ گەلی فەلەستین تەرخان بکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسرائیل ئەم کارەی نەرویج بە سیاسیکردنی یاری تۆپی پێ ناوبرد، بەڵام فیدراسیۆنی نەرویج بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: گومانی تێدا نییە کە یارییەکەی بەرامبەر ئیسرائیل تەحەدایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئازارە دڵتەزێنەکانی مرۆڤ لە غەززەدا و ململانێ قووڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پێشتر گاتۆسۆی ڕاهێنەری ئیتاڵیاش نائومێدی خۆی لە یارییەکەی لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕی، بەڵام ڕایگەیاندبوو، هیچ ڕێگەیەکیان نییە جگە لە یاریکردن، چونکە ئەگەر بکشێنەوە ئەوا لە پاڵاوتنەکان دووردەخرێنەوە.
سپۆرت ئێکسپرێس لەمبارەیەوە دەنووسێت: حکومەتی نەرویج دەیەوێت ژمارەی بینەران بۆ سێ هەزار بینەر کەمبکاتەوە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی کاروانی تۆپی پێی ئیسرائیل.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ڕێگاکانی دەوروبەری شوێنی ئۆسلۆ دوو کاتژمێر پێش یارییەکە دادەخرێن، بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت ئەم یارییە پڕ لە گرژییە سیاسی و ئەمنییە بەڕێوە بچت.
No Comment! Be the first one.