چاویار نیوز – بە گوتەی ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی، خۆرخی سی پیکۆن، یانەی ڕیال مەدرید لە لێواری یەکێک لە گەورەترین گواستنەوەکانی مێژووی تۆپی پێدایە.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری نەرویجی و ئەستێرەی بێ ڕکابەری یانەی مانچستەر سیتی، ئارەزووی ڕۆیشتن بۆ یانەی ڕیال مەدرید دەکات لە داهاتوویەکی نزیکدا و پێشنیاری بەرشەلۆنەی ڕەتکردووەتەوە. سەرچاوە نزیکەکانی ئەو یاریزانە دووپاتیان کردۆتەوە کە هالاند هەمیشە خەونی بە پۆشینی درێسە سپییەکەی مەدریدەوە بینیوە و یاریکردن لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە هەنگاوی داهاتووی ڕێبازی پرۆفشناڵی خۆی دەزانێت.
لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرایان کردووە کە یانەی ڕیال مەدرید چاوی لە فرۆشتنی ڤینیسیۆس جونیۆرە بۆ خولی سعودیە بۆ ئەوەی پارەی ئەم گواستنەوەیە فەلەکییە دابین بکات. دەوترێت چەند یانەیەکی دەوڵەمەندی سعودیە لەوانە هیلال و ئیتیحاد ئامادەن بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ بدەن بۆ ڕاکێشانی ئەو ئەستێرە بەڕازیلییە. ئەم جۆرە پارەیە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی هالاند بە نزیکەی ١٨٠ ملیۆن یۆرۆ گرێبەست لەگەڵیدا بکات، ئەمەش نزیکە لە مەرجی ئازادکردنی هێرشبەرە نەرویجییەکە لە هاوینی داهاتوودا.
سەرچاوەکانی ڕیال مەدرید ئاشکرایانکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە ماوەیەکە چاوی لە هالاند بووە، پێیان وایە هاتنی ئەو یاریزانە شانبەشانی کیلیان مباپێ دەتوانێت سەردەمێکی نوێی باڵادەستی بۆ یانە زەبەلاحەکەی لالیگا دەستپێبکات. لەلایەکی دیکەوە بارشەلۆنە لە ڕووی داراییەوە کێشەیەکی زۆری هەیە و بە شێوەیەکی کاریگەر لە کێبڕکێی گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە نائاساییە دەرچووە.
ئەگەر ئەو هەنگاوە بەدیهات، ئەوا یەکێک دەبێت لە گرانترین و بەسوودترین گواستنەوەکان لە مێژووی تۆپی پێی جیهاندا. تێکەڵبوونی ئمباپێ و هالاند لە هێرشی ڕیاڵ مەدریددا دەکرێت سەردەمی زێڕینی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و بێنزیما بیربخاتەوە، هێزێک کە جارێکی دیکە سپی پێستەکان دەهێنێتە ئەوروپا.
No Comment! Be the first one.