چاویارنیوز ـــ ستیڤ مانداندا، گۆڵپارێزی تەمەن 40 ساڵی فەرەنسی، بە فەرمی وازهێنانی لە تۆپی پێی پڕۆفشناڵ ڕاگەیاند.
ستیڤ مانداندا، کە بە یەکێک لە گۆڵپارێزە دیارەکانی سەدەی بیست و یەک و ئەفسانەی یانەی ئۆڵۆمپیک مارسی دادەنرێت، دوای ماوەیەکی درەوشاوە کە مۆندیالی 2018ی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لەخۆ گرتبوو، بڕیاریداوە ماڵئاوایی لە تۆپی پێ بکات.
لە بەیاننامەیەکدا، مانداندا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە هاوینی 2025 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ڕێنس کۆتایی هات و نوێ نەکرایەوە، بڕیاری وازهێنانی داوە.
ناوبراو لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت؛”بڕیارێکی قورس بوو، بەڵام دروست بوو، دوای 18 ساڵ لە بەرزترین ئاستدا هەست دەکەم کاتی ئەوە هاتووە لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانمدا هەڵبگێڕمەوە”.
هەروەها ستیڤ مانداندا لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند کە بەنیازە وەک ڕاهێنەری گۆڵپارێز بگەڕێتەوە بۆ تۆپی پێ و لەگەڵ چەند یانەیەکیش لە نێویاندا مارسیلیا لە گفتوگۆدایە بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی نوێ.
ستیڤ مانداندا بەشێک بوو لە سەرکەوتنی فەرەنسا لە مۆندیالی ڕوسیا بە 35 یاری، هەرچەندە وەک گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی دووەم لە دوای هوگۆ لۆریس یاریی کرد. هەروەها لە ساڵی 2010 لەگەڵ یانەی مارسیلیا نازناوی خولی فەرەنسای بەدەستهێناوە و 555 یاری لە خولی پلە یەکی فەرەنسادا تۆمارکردووە.
No Comment! Be the first one.