چاویارنیوز – هەڵوێستی ڕیاڵ مەدرید سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند ڕوون بووەوە؛ یانە ئیسپانییەکە لە ئێستادا پلانی نییە هەنگاو بنێت بۆ ڕاکێشانی ئەستێرە نەرویجییەکە لە یانەی مانچستەر سیتی، چونکە بوونی کیلیان ئمباپێ پێویستییەکانی هێڵی هێرشبەری تیپەکەی بە تەواوی دابینکردووە.
هالاند، کە لە ساڵی 2022 لە دۆرتمۆندەوە پەیوەندی بە سیتیەوە کرد، لە یەکەم وەرزیدا نازناوی پرێمەرلیگ و جامی یەکێتی ئینگلتەرا و چامپیۆنزلیگی سێ گۆڵی بەدەستهێنا و لەو کاتەوە بووەتە یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی جیهان بە تۆمارکردنی ژمارە پێوانەیی تاکەکەسی سەرسوڕهێنەر. لە مێژووی پریمەرلیگدا بووە خێراترین یاریزان کە بگاتە ١٠٠ گۆڵ (تەنها لە ١١١ یاریدا) و تا ئێستا لە ١٦٩ یاریدا ١٤٩ گۆڵی لەگەڵ سیتی تۆمارکردووە. لەم وەرزەدا بە تۆمارکردنی 38 گۆڵ لە 28 یاریدا بۆ یانەکە و وڵاتەکەی، دوای چەندین ساڵ، نەرویجی گەیاندە مۆندیالی 2026.
سەرەڕای ئەم ئامارە سەرنجڕاکێشانە، سیتی تا ساڵی ٢٠٣٤ گرێبەستی لەگەڵدایە و پێناچێت بە ئاسانی بڕوات. بەگوتەی ئەکرەم کۆنوار، یانەی ڕیال مەدرید هیچ پلانێکی بۆ دانوستان نییە و پێیان وایە ئمباپێ هەموو پێداویستییەکانی تیپەکە دابین دەکات.
ئمباپێ کە لە ساڵی ٢٠٢٤ وەک یاریزانێکی ئازاد پەیوەندی بە یانەی ڕیال مەدریدەوە کرد، تا ئێستا لە ٨٣ یاریدا ٧٣ گۆڵی تۆمارکردووە و لەم وەرزەدا ئاستێکی نایابی هەیە و لە ٢٤ یاریدا ٢٩ گۆڵی تۆمارکردووە. گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٢٩ بەردەوام دەبێت، واتە ڕیاڵ مەدرید پێویستییەکی دەستبەجێی نییە بۆ گواستنەوەی هێرشبەرێکی دیکە. ڕەنگە لە داهاتوودا ڕۆژێک هالاند بهێنێتە بەرنابیۆ، بەڵام بۆ ئێستا دۆسیەکە داخراوە.
No Comment! Be the first one.