چاویارنیوز – ئەستێرەی خەڵکی ماڵی یانەی تۆتنهام ئیڤ بیسۆما بووە قوربانی دزییەکی گەورەی دارایی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی لەندەن، کەسێک بەناوی ماوریس گۆمێزی تەمەن 31 ساڵ، توانی بەکۆی گشتی نزیکەی 834 هەزار و 334 پاوند لە هەژماری بانکی یاریزانەکە بە چەند قۆناغێک بدزێت. بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەم کەسە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بە زانیارییە بانکییەکانی بیسۆما گرتووە و بڕە پارەیەکی زۆری لە هەژمارەکەی دەرهێناوە و گواستوویەتییەوە بۆ هەژماری جۆراوجۆر. دوای لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و پێداچوونەوە بە مامەڵەکان، ناسنامەی ناوبراو دەستنیشانکرا و دواجار دەستگیرکرا.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە باس لەوە کرابوو کە تەنیا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کاتژمێرێکی گرانبەها بە بەهای ٢٥٥ هەزار پاوند لە بیسۆما لە لەندەن دزراوە؛ ڕووداوێک کە شەپۆلێکی نیگەرانییەکانی لەبارەی سەلامەتی یاریزانانی خولی ئینگلیزی لە دەرەوەی یاریگای تۆپی پێ دروستکردووە. پۆلیسی لەندەن ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەسەر تۆڕی ئەگەری پشت دزیکردنەکان بەردەوامن و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ وەرگرتنەوەی پارە دزراوەکان بە تەواوی. ئەم زنجیرە ڕووداوانە وایکردووە زۆرێک لە میدیاکانی بەریتانیا گرنگییەکی تایبەت بە پرسی زیادبوونی دزیکردن لە یاریزانانی پرێمەرلیگ بدەن، کە پێدەچێت کێشەیەکی نیگەرانکەر بێت لە تۆپی پێی ئینگلتەرادا.
No Comment! Be the first one.