لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بەرشەلۆنە و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، تازە 18 ساڵی پڕ کردۆتەوە، لەکاتێکدا لیستی شەرەف و شانازییەکای لە چەندین یاریزانی بەئەزموونتر درێژترە.
دیاردەیەک کە لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا نەک هەر ژمارەیەکی پێوانەیی شکاند، بەڵکو بووە هێمای نەوەی نوێی تۆپی پێی ئیسپانیا و هیوای سەرەکی بەرشەلۆنە بۆ داهاتوو.
لامین بە درەوشاوەییە سەرسوڕهێنەرەکەی لە وەرزەکانی 2023/24 و 2024/25، توانی نازناوی کوڕە زێڕینی ساڵەکانی 2024 و 2025 بەدەستبهێنێت، هەروەها نازناوی بەهرەمەندی سەرهەڵدانی تۆپی پێی گڵۆب بەدەستبهێنێت. لەسەر ئاستی نیشتمانیش ڕۆڵی سەرەکی بینی لە سەرکەوتنی ئیسپانیا لە یۆرۆی 2024دا، هەروەها بە 3 ئەسیست و یەک گۆڵ نازناوی باشترین پاسدەر و باشترین یاریزانی لاوی پاڵەوانێتیەکەی بەدەستهێنا. لە کۆتایی هەمان ساڵدا لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مێژوو و ئاماری تۆپی پێ (IFFHS)ەوە وەک باشترین یاریزانی گەنجی جیهان دەستنیشانکرا.
لەسەر ئاستی یانەکان، یامال لە ماوەی دوو وەرزی ڕابردوودا یارمەتی بەرشەلۆنەی داوە دوو نازناوی لالیگا و جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا بەدەستبهێنێت لە سەردەمی هانسی فلیک و چاڤی. هەروەها بووە بچووکترین یاریزان کە لە چامپیۆنزلیگ و ئیل کلاسیکۆ و جامی شادا دەرکەوتبێت و گۆڵ تۆمار بکات، ئەمەش ڕووداوێکی بێ وێنەیە لە مێژووی یانەکەدا.
ئامارەکانی یەمال لەم تەمەنەدا سەرنجڕاکێشن: زیاتر لە 100 یاری فەرمی و دەیان ئەسیست و گۆڵی یەکلاکەرەوە، هەروەها جێگەیەکی لە پێکهاتەی یۆرۆی 2024 و باشترین تیپی ساڵی FIFProدا هەیە. شارەزایانی تۆپی پێی ئەوروپی پێیان وایە یامال لەسەر ڕێگایەکی هاوشێوەی لیۆنێل مێسییە و دەکرێت ڕووخساری نوێی “سەردەمی زێڕینی” بەرشەلۆنە بێت.
								
                
No Comment! Be the first one.