چاویارنیوز – ڕۆبێرت لواندۆڤسکی، هێرشبەری بەئەزموون و گۆڵکاری یانەی بەرشەلۆنە، لە چاوپێکەوتنێکی ورددا باسی لە دۆخی جەستەیی و تێڕوانینی بۆ داهاتووی پیشەگەری کرد، جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامبوونی لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێدا دەرئەنجامی ئەو بڕیارانەیە کە ساڵانێک لەمەوبەر داویانە.
لواندۆڤسکی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بارودۆخی جەستەیی ئێستای، دەڵێت: گرنگترین شت ئەوە نییە کە ئێستا دەیکەم، بەڵکو ئەوەیە لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا کردوومە؛ خۆراکی تەندروست، خەوتنی پێویست و ڕاهێنانی بەهێز، ئەمانە ئەو بناغانەن کە ڕێگەیان پێدام ئەمڕۆ بەردەوام بم لە دۆخێکی جەستەیی باشدا.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە خاڵی وەرچەرخانێکی ژیانی پیشەیی خۆی کرد و وتی: یەکەم جار کە بیرم لە ئایندەی خۆم کرد، ئەو کاتە بوو کە تەمەنم ٢١ یان ٢٢ ساڵ بوو، لەو کاتەدا هەموو ڕۆژێک شیرم بۆ نانی بەیانی دەخوارد، بەڵام دواتر لە کاتی ڕاهێنانەکاندا هەستم بە ماندوێتی دەکرد، ئەوەش وای لێکردم بزانم کە دەبێت خۆراکی خۆم بگۆڕم.
لواندۆڤسکی ڕوونی کردەوە کە بە وازهێنان لە هەندێک خووی خراپ لە خواردن سەرنجی گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە جەستەیدا داوە: “وازم لە هەندێک خووی خراپ وەک شوکولاتەی سپی و گلوتین لە خۆراکی خۆمدا هێنا و دوای وازهێنانیان هەستم بە جیاوازییەکی گەورە کرد”.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، هێرشبەرە پۆڵەندییەکە بە وریاییەوە باسی لە بابەتی وازهێنانیش کردووە و دەڵێت: “ئەوە بە تەواوی پەیوەستە بە چۆنیەتی هەستکردنمەوە، لە ڕووی جەستەییەوە هەست بە باشی دەکەم و لە ڕووی دەروونییەوە لە دۆخێکی باشدام، بەڵام ئەوەی دڵم پێم دەڵێت کاریگەریشی هەیە، لە ئێستادا هیچ پلانێکی گەورەم نییە بۆ داهاتوو و سەرنجم لەسەر ئێستایە.”
بەم قسانە لواندۆڤسکی نیشانیدا کە تێڕوانینی بۆ تۆپی پێ لە مەشق و کێبڕکێ تێدەپەڕێت، هەروەها شێوازی ژیانی پڕوفشناڵی هۆکاری سەرەکی مانەوە و سەقامگیرییەکەیە لە ئاستی سەرەوەی تۆپی پێی ئەوروپادا.
No Comment! Be the first one.