چاویارنیوز ـــ بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی “ئارۆن ڕامیرۆی” ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یانەی ڕیال مەدرید و لیڤەرپوول گفتوگۆی سەرەتاییان کردۆتەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ مەرجەکانی گواستنەوەی “کۆل پاڵمەر” ئەستێرەی لاو و بەهرەمەندی چێڵسی بکەن.
گفتوگۆکان لە قۆناغی سەرەتاییدایە و ئامانجی سەرەکیش پێوانەکردنی ئارەزووی یاریزانەکەیە بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێک لە دوو یانە زەبەلاحەکەی ئەوروپا بۆ وەرزی 2026 ــ 2027.
“کۆل پاڵمەر” لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی پێکهاتەی چێڵسی و لە لوتکەی قۆناغی بنیاتنانەوەی بلوزدا بە گۆڵە یەکلاکەرەوەکان و ئەسیستەکانی توانی بارگرانی سەرەکی تیپەکە لە ئەستۆ بگرێت.
ئاستە سەرسوڕهێنەرەکانی لە خولی نایابی ئینگلیزی و هەروەها ئاستێکی قبوڵکراو لە پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا وایکردووە تیپە پڕۆفشناڵەکانی ئەوروپا گرنگییەکی تایبەتی پێ بدەن.
یانەی ڕیال مەدرید لە چوارچێوەی پڕۆژەی بە گەنجکردنەوەی پێکهاتەیدا، بەدوای ئەستێرەیەکدا دەگەڕێت کە بتوانن لە ساڵانی داهاتوودا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕن لە سەرکەوتنی یانەکەدا، لە ڕوانگەی ئیدارەی یانەکەشەوە دەکرێت پاڵمەر یەکێک بێت لەو کەسایەتیانە.
لەلایەکی دیکەوە لیڤەرپوول دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە و ئەگەری ڕۆیشتنی بەشێک لە یاریزانە هێرشبەرەکان، هەوڵدەدات یاریزانێکی تازە و داهێنەر بۆ هێڵی هێرشبردن زیاد بکات، بژاردەی پاڵمەریش بەجدی لەسەر مێزی ئیدارەی یانەکەدایە، بەڵام چێڵسی ئامادە نابێت بە ئاسانی واز لە ئەستێرە بەنرخەکەی بهێنێت و پێشبینی دەکرێت هەر دانوستانێکی جددی لەگەڵ داواکارییەکی دارایی قورسدا بێت.
هەروەها گرێبەستە درێژخایەنەکەی پاڵمەر لەگەڵ چێڵسی پێگەی یانەکە لە دانوستانەکاندا بەهێزتر دەکات، بەڵام سەرنجڕاکێشیی ڕیاڵ مەدرید و لیڤەرپوول دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت لە بڕیاری ئەو یاریزانەودا.
No Comment! Be the first one.