چاویارنیوز ـــ ڕۆژنامەی مارکا شیکاری بۆ ئاستی چابی ئەلۆنسۆ کردووە لە یارییە گەورەکاندا و نووسیویەتی کە ڕاهێنەرە لاوەکەی ڕیاڵ مەدرید جارێکی دیکە توانای خۆی نیشاندا بۆ تێپەڕاندنی تاقیکردنەوە گەورەکان بە سەرکەوتنەکەی بەرامبەر بەرشەلۆنە لە یاری ئیلکلاسیکۆدا.
ڕۆژنامەی مارکا دەنووسێت: ڕاستییەکە ئەوەیە کە ژابی ئەلۆنسۆ پێش ئەوەی پەیوەندی بە مەدریدەوە بکات چەندین جار سەلماندبووی کە توانایەکی تایبەتی هەیە لە یارییە گەورەکاندا. هەرچەندە ژیانی ڕاهێنەرایەتی لە ئاستی یەکەمی تۆپی پێی ئەوروپادا هێشتا کورتە، بەڵام لەم ماوەیە کورتەدا سێ سەرکەوتنی گرنگی بەرامبەر بایرن میونشن بەدەست هێناوە، تیپێک کە نزیکەی هەموو وەرزێک زاڵە بەسەر تۆپی پێی ئەڵمانیادا و بردنەوەی قورسە.
بەگشتی تیپەکەی ئەلۆنسۆ لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ بایر لیڤەرکوزندا هەشت جار ڕووبەڕووی بایرن میونشن بووەوە، سێ بردنەوە و سێ یەکسانبوون و دوو دۆڕان، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی سەرنجڕاکێشە بۆ تیپێک لە دەرەوەی یانە زەبەلاحە ئەوروپییەکاندا.
ڕۆژنامەی مارکا لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی دا: ئێستا ژابی ئەلۆنسۆ یەکەم سەرکەوتنی لە یارییەکی گەورەدا وەک ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید بە سەرکەوتنێکی بەنرخ بەسەر بەرشەلۆنەدا مسۆگەر کردووە، ئەو نیشانیدا کە فەلسەفەی تاکتیکی دەتوانێت لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی جیهاندا کار بکات، هەروەها بە ئارامی و دیسیپلین و بوێری ئاسایی خۆی، توانیویەتی مەدرید بگەڕێنێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی.
No Comment! Be the first one.