چاویارنیوز ـــ “برۆنۆ فێرناندز” کاپتنی یانەی مانچستەر یونایتد دانی بەوەدانا کە سەرەڕای ئەزموون و پێگەی خۆی لە تیپەکەدا، بەڵام هەرگیز لە وروژاندن و دڵەڕاوکێی پێش یارییەکان بێبەری نییە.
ئەستێره پورتوگالییه دەڵێت ئەم هەستە بەهۆی ترسەوە نییە، بەڵکو له جۆش و خرۆشه و تەرکیزەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش وا دەکات مێشکی سەرقاڵ و ئامادە بهێڵێتەوە.
وەرزی 2025-2026 پڕ بووە لە هەوراز و نشێو بۆ فێرناندز تا ئێستا. لە هەفتەی دووەمی پریمەرلیگدا لێدانێکی سزای گرنگی بەرامبەر فولهام لەدەست دا و تۆپەکەی بەرەو ئاسمان نارد و یونایتد بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر یەکسان بوو. دوای چەند ڕۆژێک نائومێدییەکی گەورەتر هاتە ئاراوە، کاتێک شەیتانە سوورەکان بە شێوەیەکی زەلیلانە بە لێدانی سزا لەلایەن گریمسبی یانەیەکی پلە دوو لە جامی خولەکەدا دۆڕان.
بەڵام فێرناندز توانی پێش پشووی نێودەوڵەتی متمانەی لەدەستچووەکەی بەدەستبهێنێتەوە. گۆڵی بردنەوەی بەرامبەر بێرنلی لە یاریگای تۆرف مۆر بە لێدانێکی سەرنجڕاکێش تۆمارکرد و بردنەوەی بە ئەنجامی 3-2 تۆمارکرد، گۆڵێک کە ئاهەنگێکی گەورەی هاندەرانی دەرەوەی یاریگا بەدوای خۆیدا هێنا و جارێکی دیکە تیشکی خستە سەر تواناییە تەواوکەرەکانی کاپتنی یونایتد.
فێرناندز لە لێدوانێکیدا بۆ BBC Match of the Day، ڕوونیکردەوە کە زۆرترین دڵەڕاوکێی هەیە کاتێک لە یاریگادا نییە و دەڵێت: کاتێک لە پەراوێزەوە سەیری یارییەکە دەکەم، زۆر زیاتر تووڕە دەبم، هەست دەکەم بۆ هاوڕێکانم ئازار دەچێژم، کاتێک دەبینم هەوڵی شتێکی جیاواز دەدەن و کارەکەش ناڕواتە پێش، ناتوانم ئارام بگرم، جا لەسەر کورسی یەدەگ بم یان لە ماڵەوە، هەمیشە دەبێت دەنگم بەرز بێت و چالاک بم، وەک ئەوەی لە ناوەڕاستی یاریگادا بم، ئەو دڵەڕاوکێیە بۆ من ئەرێنییە، سەرقاڵم دەکات و دەمەوێت بەشداری یارییەکە بکەم”.
بەڵام هێشتا فشارەکان لەسەر فێرناندز زۆر قورسن. ڕەخنەکان لەسەر لێدانی سزای لەدەستچوو بەرامبەر فولهام و دۆڕاندنەکەی بەرامبەر گریمسبی پرسیاری دروستکرد کە ئایا توانیویەتی پێشەنگێکی ڕاستەقینە بۆ تیپەکەی بێت، بەڵام ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر تاقیکردنەوەیەکی گەورەن، ئەویش دێربی مانچستەر لە یاریگای ئیتیحادە، کە کاپتنی پورتوگالی دەبێت جارێکی دیکە تواناکانی خۆی بسەلمێنێت.
No Comment! Be the first one.