گواردیۆلا دەیەوێت ئەستێرەکە لە چنگی لیڤەرپوول و دۆرتموند دەردەهێنێت
چاویار _ رەیان شەرقی، ئەستێرەی لاوی ئۆڵیمپیک لیۆن خەریکە پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی دەکات.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی دەمێکە چاودێری شەرقی دەکات و خۆی لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی گفتوگۆکان دەکات.
پێگەی فووت مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر سیتی خەریکە کێبڕکێیەکە لە لیڤەرپوول و بۆڕووسیا دۆرتموند دەباتەوە، یاریزانە 21 ساڵییەکە لەگەڵ مان سیتی رێککەوتووە، ئەمەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان گواردیۆلا و ئەستێرە فەڕەنسییەکە.
مان سیتی وەرزێکی خراپی بەڕێکرد و پلەی سێیەمی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا، هەروەها کێڤن دی بڕۆین، ئەستێرەی بەلجیکیش ریزەکانی سیتیزنزی جێهێشت، بۆیە گواردیۆلا سوورە لەسەر دۆزینەوەی خێرای جێگرەوەیەک.
شەرقی لە وەرزی رابردووی لیگ وەندا، هەشت گۆڵ و 11 ئەسیستی هەبوو و یەکێکە لە دیارترین بەهرەمەندانی ئێستای فەڕەنسا.
پێشتر لیڤەرپوول نیازی گواستنەوەی شەرقی هەبوو، بەڵام ئێستا تەواوی سەرنجی خۆی لەسەر گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی بایەر لیڤەرکوزن داناوە و ئۆفەرێکی بەبڕی 130 ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی یانە ئەڵمانییەکە کردووە.
تاوەکو ئێستا شەرقی هیچ یارییەکی بۆ هەڵبژاردەی فەڕەنسا نەکردووە، بەڵام دیدیێ دیشام، ئەستێرەکەی بانگهێشتی یارییەکانی نەیشنزلیگ کردووە.
No Comment! Be the first one.