چاویارنیوز ـــ جاناتان گۆنزالێز یاریزانی تۆپی پێی ئیکوادۆری تەمەن 31 ساڵ لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو یاریزانە پێشووەی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بەندەری ئێسمێرالداس تەقەی لێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. ئێسمێرالداس کە دەکەوێتە نزیک سنووری کۆڵۆمبیا، ساڵانێکە بەهۆی بوونی باندی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان، گۆڕەپانی پێکدادانی خوێناوی بووە. تا ئێستا هۆکاری وردی تەقەکردنەکە دیاری نەکراوە.
گۆنزالێز کە لە تیپە دیارەکانی وەک ئۆڵۆمپیای پاراگوای و لیۆن مەکسیکۆ یاری کردبوو، بەم دواییە درێسی تیپێکی خولی پلە دووی ئیکوادۆری لەبەر کردبوو. فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە و بەرپرسانی وەرزشی ناوخۆیی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و بەبۆنەی کۆچی دوایی ناوبراوەوە سەرەخۆشی خۆیان بۆ بنەماڵەکەی دەربڕی.
شایانی ئاماژەیە کە لە کاتی هێرشەکەدا کەسێکی دیکە کە تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
ئیکوادۆر کە دەکەوێتە نێوان کۆڵۆمبیا و پیرۆ، بووەتە ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ بازرگانی مادەهۆشبەرەکان بۆ بازاڕی جیهانی. ئەمەش بووەتە هۆی گەشەکردنی باندە تاوانکارییەکان و بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی کوشتن لە وڵاتەکەدا.
ئەم ڕووداوە سێیەم حاڵەتی مردنی یاریزانێکی تۆپی پێیە لە ئیکوادۆر لە مانگی ئەیلوولدایە، دوو یاریزانی دیکەی یانەی ئێکزابرۆمۆی پلە دوو بە ناوەکانی مایکل ڤالێنسیا و لیاندرۆ یێپێس لە شاری مانتا لە ڕووداوێکدا بە هەمان شێوە گیانی خۆیان لەدەستدا.
No Comment! Be the first one.