چاویارنیوز ـــ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بابەتی “دزەپێکردنی” براوەی تۆپی ئاڵتونی پێش مەراسیمی سەرەکی، جارێکی دیکە میدیای وەرزشی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پڕکردەوە.
ساڵی ڕابردوو کاتێک ڕۆدری وەک براوەی تۆپی ئاڵتونی ڕاگەیەندرا، دەنگۆی زۆر لە لایەن کەسێکەوە سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی لیستی دەنگەکان و ئاشکراکردنی زووی ئەنجامەکەی وروژێندرا. ئێستا، دیسانەوە ئیدیعایەکی لەو شێوەیە سەبارەت بە مەراسیمی ئەمساڵ لە ئارادایە. هەندێک لە بەکارهێنەران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەمان ئەو کەسەی کە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی ڕێوڕەسمەکەی ئاشکرا کرد، ئەمجارە وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە سبەی شەو ڕافینیا ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی بەرشەلۆنە خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەست دەهێنێت.
هەرچەندە ئەم بانگەشەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگدانەوەی هەبووە، بەڵام تا ئێستا هیچ میدیایەکی باوەڕپێکراو و دەسەڵاتێکی فەرمی پشتڕاستی نەکردووەتەوە. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەریخستووە کە ئەم جۆرە قسە و باسانە زیاتر پەیوەندییان بە سرووشتی هەواداران و میدیاکانەوە هەیە و زۆرجار بە تەواوی ورد نین. بەڵام ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە ئاستی ڕافینیا لەم وەرزەدا بۆ بەرشەلۆنە سەرنجی زۆری بۆ خۆی ڕاکێشاوە؛ لە چامپیۆنزلیگ و لالیگادا درەوشاوەتەوە و بووەتە یاریزانێکی سەرەکی بۆ تیپەکەی هانسی فلیک.
پێشتر ڕافینیا وەک پاڵێوراوێکی سەرەکی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی تۆپی ئاڵتۆن سەیر نەدەکرا، بەڵام گەشەسەندنی سەرنجڕاکێشی لە ساڵی ڕابردوودا و ڕۆڵی لە سەرکەوتنی بەرشەلۆنە وایکردووە ببێتە بژاردەیەکی جدی لەنێو هاندەران و بەشێک لە شرۆڤەکاران. بەڵام ناوە گەورەکان لەوانە عوسمان دێمبلێ و لامین یامال هێشتا لە لیستی ناودێڕاندان و هەڵبژاردنی کۆتایی دادوەرەکان دەکرێت جیاواز بێت لە پێشبینییەکان.
لە کۆتاییدا دەبێت چاوەڕێی ئاهەنگی فەرمی تۆپی زێڕین بکەین. ئەوەی دڵنیایە ساڵانە دەنگۆ و دزەپێکردن بەشێکە لە سەرەنجڕاکێشی خەڵاتەکە، بەڵام هەمیشە ڕاستییەکان لە شەوی مەراسیمەکەدا ئاشکرا دەبن.
No Comment! Be the first one.