چاویارنیوز ـــ پاریس سانجێرمان، دوای تۆمارکردنی وەرزێکی خەیاڵی، خەڵاتی بەناوبانگی باشترین یانەی ساڵی لە ئاهەنگی تۆپی ئاڵتونی 2025دا بەدەستهێنا.
ئەم نازناوە دوای سەرکەوتنە بەرچاوەکانی تیپەکە بە سەرۆکایەتی لویس ئێنریکی لە پێشبڕکێ ناوخۆیی و ئەوروپییەکان بەخشرایە پاریسییەکان.
لە وەرزی 2024/25 پاریس سانجێرمان توانی سێ سەرکەوتنی مێژوویی بەدەستبهێنێت کە بریتی بوون لە خولی فەرەنسا و جامی فەرەنسا و چامپیۆنزلیگ. لەخولی ناوخۆدا بە 26 بردنەوە و 6 یەکسانبوون و تەنها 2 دۆڕان 84 خاڵیان بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی متمانەپێکراو جامی پاڵەوانێتیەکەیان بەرزکردەوە. لە چامپیۆنزلیگیشدا دوای سەرکەوتن بەسەر تیپەکانی وەک لیڤەرپوول و ئەستۆن ڤێلا و ئارسناڵ گەیشتنە یاری کۆتایی و لە یارییەکی دیاریدا توانیان بە ئەنجامی 5-0 لە ئینتەرمیلان ببەنەوە و ئاهەنگ بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەکەم پاڵەوانێتی ئەوروپا بگێڕن.
پاشان پاریسییەکان گەیشتنە یاری کۆتایی جامی جیهانی یانەکان، بەڵام بە سێ گۆڵی بێوەڵام لەلایەن چێڵسییەوە، دۆڕان و نەیانتوانی جامەکە بەرزبکەنەوە، بەڵام هەر زوو یاریزانانی ئینریکی جامێکی دیکەیان بۆ لیستە سەرنجڕاکێشەکەیان زیادکرد و بە لێدانی سزا بەرامبەر تۆتنهام نازناوی جامی سوپەری ئەوروپایان بەدەستهێنا.
ئەم شانازییە بووە هۆی ئەوەی کە پاریس سانجێرمان بۆ یەکەمجار خەڵاتی باشترین یانەی جیهانی ساڵ بەدەست بهێنێت، خەڵاتێک کە جێگەی خۆی لە لوتکەی تۆپی پێی ئەوروپا و جیهانیدا مسۆگەر کرد.
No Comment! Be the first one.