چاویارنیوز _ دوای گواستنەوەی ژائۆ پالینیا بۆ بەنفیکا، بایرن میونشن ئامادەیە لە یاریزانێکی دیکە جیاببێتەوە کە هیچ جێگەیەکی لە پلانەکانی تیپەکەدا نییە. برایان ساراگۆسا، یاریزانی باڵە ئیسپانییەکەی بایرن لە لێواری گواستنەوە بۆ ئیسپانیۆلدایە.
لە زاری فابریزیۆ ڕۆمانۆوە، بایرن میونشن و ئیسپانیۆل لە گفتوگۆدان بۆ گواستنەوەی ساراگۆسا بەشێوەی خواستن لەگەڵ بژاردەی کڕین، لایەنەکانیش نزیکن لە کۆتاییهێنان بە گواستنەوەکە. یاریزانە باڵە تەمەن 24 ساڵەکە شەوی ڕابردووش وەڵامی ئەرێنی دایەوە بۆ ئۆفەرەکەی ئیسپانیۆل و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ لالیگا. ساراگۆسا لە شوباتی 2024 پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کرد، بەڵام هەرگیز نەیتوانی جێگەی هەمیشەیی لە پێکهاتەی تیپەکەدا بدۆزێتەوە و لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن، تەنها حەوت جار بە درێسی تیپەکەوە یاری کردووە.
ئەو یاریزانە ئیسپانییە لەم نێوەندەدا سێ جار بە خواستن یاریی کردووە و یانەکانی ئۆساسۆنا و سێلتاڤیگۆ و ڕۆماش بۆ بەدەستهێنانی هەلی زیاتر لە یاریکرن، بەڵام هیچ کام لەو هەوڵانە نەبووەتە هۆی گەڕانەوەی بۆ بایرن و بۆ ئەوەی لەوێدا شوێنی خۆی مسۆگەر بکات. ئێستا ئیسپانیۆل دەتوانێت چوارەم وەرزی خواستنی ئەو یاریزانە بێت لە دوای پەیوەندیکردنی بە بایرنەوە. هەروەها خواستی ئەو یاریزانە خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ تۆپی پێی ئیسپانیا ئاسانکاری بۆ دانوستانەکان کردووە و ئەگەر هەردوو یانە لەسەر وردەکاریی بڕگەی کڕینی یاریزانەکە ڕێکبکەون، ئەوا دەکرێت گواستنەوەکە لە ڕۆژانی کۆتایی گواستنەوەی هاوینەدا تەواو بکرێت.
No Comment! Be the first one.