چاویارنیوز ـــ برۆنۆ فێرناندێز کاپتنی پورتوگالی مانچستەر یونایتد ئاشکرایکرد، دوای ڕەتکردنەوەی ئۆفەرێکی گەورەی یانەی هیلالی سعوودی، چەندین یانەی ئەوروپیش هەوڵیانداوە بۆ وەرگرتنی، بەڵام دوا بڕیاری مانەوە بوو لە ئۆڵدترافۆرددا.
لەسەر زاری میدیاکانی ئینگلیزەوە، فێرناندز دووپاتی کردەوە کە هاوینی ڕابردوو ئۆفەرێکی سەرسوڕهێنەری لەلایەن یانەی هیلالەوە پێگەیشتووە، بەڵام دواجار بەهۆی گۆڵە وەرزشییەکانیەوە بڕیاریدا بەردەوام بێت لە مانەوە لە یانەی مانچستەر یونایتددا.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ئۆفەرەکەی هیلالم ڕەتکردەوە یانەکانی ئەوروپا پەیوەندییان پێوەکردم، بەڵام بڕیارەکەم ئەوە بوو لە مانچستەر یونایتد بمێنمەوە، یانەی هیلال هەفتانە 700 هەزار پاوەندی پێشکەش کردم، بەڵام من ڕەتمکردەوە، چونکە ئامانجم بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە فێرناندز لەم وەرزەدا بە یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی تیپەکەی ڕوبێن ئەمۆریم دادەنرێت و چەندین جار بە گۆڵ و ئەسیستە گرنگەکانی مانچستەر یونایتدی لە قەیرانەکان ڕزگار کردووە.
کاپتنی پورتوگالی شەیتانە سوورەکان کە لە مانگی یەکی ساڵی 2020ـەوە پەیوەندی بە یانەکەیەوە کرد، زیاتر لە 100 گۆڵی بۆ یونایتد تۆمار کردووە و بە سەرکردایەتی و پابەندبوونی بەرزی، بووەتە هێمای سەقامگیری و دڵسۆزی لای یاریزانانی ئێستای تیپەکە.
No Comment! Be the first one.