چاویارنیوز _ کیڤن دی برۆین سەرەڕای تەمەنی 35 ساڵان، هیچ پلانێکی نییە ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەی بەلجیکا بکات و دەڵێت، تا ئەو کاتەی پاڵنەر و توانای ئەوەی هەبێت بۆ ڕکابەریکردن لە بەرزترین ئاستدا، بەردەوام دەبێت لە یاریکردن بۆ شەیتانە سوورەکان.
کیڤن دی برۆین ئامادە نییە واز لە یاریکردنی تۆپی پێی نیشتمانی بهێنێت. یاریزانە بەئەزموونەکەی ناپۆلی کە بە یەکێک لە دوایین نەوەکانی زێڕینی تۆپی پێی بەلجیکا دادەنرێت، لە سەرەتای سەردەمی نوێی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بە سەرکردایەتی مارک ڤان بۆمێل جەختی لەوە کردەوە کە لە ئێستادا هیچ بڕیارێکی نییە ماڵئاوایی بکات. دی برۆین لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی کەمپی بەلجیکا ڕایگەیاند، تەنانەت دوای مۆندیالی 2026، پرسی وازهێنان لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ ئەو جدی نەبووە. ڕوونیشیکردەوە کە هەستی بەوەکردووە هێشتا باری جەستەیی باشە و زۆرێک لە یاریزانان داوایان لێکردووە لە تیپەکە بمێنێتەوە.
ئەستێرەی بەلجیکی تەمەن 35 ساڵ ڕایگەیاند؛ “تەنها دەمەوێت یاری تۆپی پێ بکەم، هێشتا حەز دەکەم هەموو ڕۆژێک تەحەدای خۆم بکەم و سنوورەکانم پاڵ بنێم، تا ئەو پاڵنەرەم هەبێت، هیچ هۆکارێک نابینم بۆ ئەوەی بەردەوام نەبم”.
بێگومان دی برۆین دانی بەوەدانا کە ڕۆڵی لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو تا ڕادەیەک گۆڕانکاری بەسەردا دێت. جگە لەوەی لە یاریگادایە، ئێستا بەرپرسیارە لە یارمەتیدانی نەوەی گەنج و گواستنەوەی ئەزموون بۆ یاریزانە نوێیەکان. یاریزانە ناوەراستەکەی ناپۆلی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێشبینی ناکات لە خشتەی چڕوپڕی پاڵەوانێتیەکاندا هەموو خولەکێک یاری بکات و ئامادەیە لە هەندێک یاریدا لەسەر کورسی یەدەگ دابنیشێت، ئەمەش بەندە بە بڕیاری ستافی ڕاهێنەرایەتییەوە.
ناوبراو سەبارەت بە باری جەستەیی، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە وەرزەکەی بە شێوەیەکی باش دەستپێکردووە و ڕازییە بەو بارودۆخەی ئێستای جەستەی و دەڵێت: سێ یاری تەواوم لەسەریەک ئەنجامدا کە 90 خولەکی خایاند و هیچ کێشەیەکم نەبوو، تەنانەت کەمێک سەرم سوڕما لە باری جەستەییم.
دی برۆین لە ساڵی 2010ەوە یاری بۆ هەڵبژاردەی بەلجیکا دەکات و 124 یاری لەگەڵ شەیتانە سوورەکان ئەنجامداوە. لە چوار جامی جیهانی و سێ پاڵەوانێتی ئەوروپادا بەشداری کردووە و ئێستا یەکێکە لە یاریزانە بەئەزموونەکانی پڕۆژە نوێیەکەی ڤان بۆمێل. ئەستێره بەلجیکییەکه بەتەواوی ئەگەڕی وازهێنانی له ئایندەیەکی نزیکدا ڕەت نەکردووەتەوه و دووپاتی کردەوه که هیچ بڕیارێکی بەپەلە نادات.
پەیامی دی برۆین ڕوونە؛ کۆتایی ژیانی وەرزشی لە جاران نزیکترە، بەڵام کاتی ئەوە نییە ماڵئاوایی بکات.
No Comment! Be the first one.