چاویارنیوز _ کاپتنی هەڵبژاردەی سەنیگال بە بڵاوکردنەوەی ستۆری ئینستاگرام پشتگیری خۆی بۆ هەڵبژاردەی میسر نیشان دا.
هەڵبژاردەی میسر لە دوایین یاری کۆمەڵەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦دا ڕووبەڕووی ئێران بووەوە و بە ئەنجامی ١-١ یەکسان بوون. قوتابیانی حسام حەسەن بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵ چوونە نێو یاریگاکە، بەڵام قولعەنۆیی بەرۆکیانی گرت، تەنانەت هەڵبژاردەی ئێران دەیتوانی لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا سەرکەوتنێکی شیرین بەدەستبهێنێت.
محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی هەڵبژاردەی میسر، لەم یارییەدا زۆر قسەی بۆ وتن نەبوو و بەهۆی ئازارەوە لە ناوەڕاستی بەشی دووەمدا جێگەی خۆی بە زیزۆ بەخشی. سەڵاح هاوڕێی زۆری هەیە لە هەڵبژاردە جیاوازەکاندا، یەکێک لە هاوڕێکانی لە هەڵبژاردەی سەنیگال بە بڵاوکردنەوەی ستۆرییەکی ئینستاگرام پاڵپشتی هەڵبژاردەی میسری کرد.
سادیۆ مانێ، کاپتنی هەڵبژاردەی سەنیگال، کە شانبەشانی محەمەد سەڵاح لە یانەی لیڤەرپوول یاریی دەکرد، لە کاتی یارییە چارەنووسسازەکەی نێوان ئێران و میسردا پشتیوانی خۆی بۆ هەڵبژاردەی میسر ڕاگەیاند و ئێستاش ئەم بابەتە لە سۆشیال میدیا جەنجاڵییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. سادیۆ مانێ بە دانانی ئەم ستۆرییە هەم پاڵپشتی هەڵبژاردەی میسری کرد کە نوێنەرایەتی ئەفریقا دەکات،هەمیش خۆشەویستی خۆی بۆ محەممەد سەڵاح نیشان دا.
شایانی باسە، هەڵبژاردەی سەنیگال بەهۆی جیاوازیی گەورەی گۆڵەکانی بەرامبەر عێراق، سەرکەوت بۆ قۆناغی کۆتایی، ئێستاش میسریش وەک نوێنەری دیکەی ئەفریقا چووەتە قۆناغی تر لە مۆندیالدا.
No Comment! Be the first one.