چاویارنیوز ــــ ڕۆدریگۆ گۆس، یاریزانی بەڕازیلی یانەی ڕیال مەدرید لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاس ئاشکرای کرد، پێش ئەوەی بچێتە مەدرید، ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بەرشەلۆنە نزیک بوو لە کۆتایی، بەڵام لە کۆتا خولەکدا ڕێگاکەی گۆڕا.
ڕۆدریگۆ ڕوونیشیکردەوە: لەو کاتەدا هەموو شتێک لەگەڵ بارسا ئامادەبوو، تەنها واژۆکردنەکەی مابوو، بەڵام باوکم وتی کە ڕیال مەدرید پەیوەندی کردووە و دەبێت لەنێوان ئەو دوو یانەیەدا یەکێکیان هەڵبژێرم، ئەوە بڕیارێکی قورس نەبوو بۆ من، چونکە خەونم هەمیشە یاریکردن بوو بۆ ڕیال، بۆ یەک چرکەش گومانم نەکرد. ڕۆدریگۆ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ڕێز لە بەرشەلۆنە دەگرێت، بەڵام هەستەکانی بۆ ڕیاڵ لە شتێکی لۆژیک تێپەڕیوە و وتی: دەمزانی تەنها لە مەدرید دەتوانم خەونەکانم بەدەست بهێنم و دڵخۆشم کە ڕێگای ڕاستم هەڵبژارد.
ئەستێرەی تەمەن 24 ساڵه، هاوینی ڕابردوو له لێواری جێهێشتنی ڕیالدا بوو، بەڵام به متمانەی چابی ئەلۆنسۆ بڕیاری مانەوەی دا ناوبراو وتیشی: “هەموو هاوینێک دەنگۆی ئەوە بڵاودەبێتەوە، دەڵێن ئۆفەرێکم هەیە یان دەڕۆم، بەڵام هەمیشە بە یانەکەم وتووە تا ئەوان منیان بهەوێت، دەمێنمەوە، بردنەوەی دوو چامپیۆنزلیگ لەم تەمەنەدا زۆر نایاب و ناوازەیە، بەڵام هێشتا تینووی بەدەستهێنانم”.
ڕۆدریگۆ سەبارەت بە یارییەکانی داهاتووی ئیلکلاسیکۆ زیاتر وتی: دەزانین وەرزی ڕابردوو لە باشترین ئاستدا نەبووین، بەتایبەتی بەرامبەر بارسا، ئەوان ئێستا تیپێکی یەکگرتووتر و متمانە بەخۆبوونیان هەیە، بەڵام ئێمە لە بێرنابێئو یاری دەکەین و دەبێت نیشانی بدەین کە چ جۆر تیپێکین، بە گرنگیدان و پاڵپشتی هاندەران، تاکە ئامانج بردنەوەیە.
No Comment! Be the first one.