چاویارنیوز _ لە سەروبەندی یارییە چارەنووسسازەکەی نێوان هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و ئینگلتەرا لە قۆناغی پێش کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦، ڕووداوەکانی دەرەوەی یاریگا بوونە مانشێتی ڕۆژنامەکان، هەروەها پێکدادان لە نێوان کۆمەڵێک هاندەری ئەرجەنتینی کەشوهەوای شاری ئەتلەنتا گرژتر کردووە.
ئەم یارییە لەلایەن FBI ەوە وەک مەترسیدارترین یاری مۆندیالی 2026 ناسێندرا و هێزە ئەمنییەکانی ئەمەریکاش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ئامادەباشی تەواودا بوون و ڕێوشوێنی تایبەتیان گرتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر جۆرە توندوتیژییەک لە نێوان هاندەرانی ئەو دوو تیپەدا بکرێت.
بەڵام پێش ئەوەی هاندەرانی ئەو دوو هەڵبژاردەیە ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە، گرژی لەنێو خودی هاندەرانی ئەرجەنتینی دروستبوو. سەدان هاندەری ئەرجەنتینی لە ناوچەی “ئاندرگراند”ی ئەتڵەنتا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی هاندەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی خۆیان بن بۆ یارییە گەورەکەی بەرامبەر ئینگلتەرا بە مەراسیمێک کە تەپڵ و مۆسیقای لاتینی و دروشمی پشتیوانی تێدابوو.
بەڵام کەشوهەوای ئاهەنگگێڕان بە خێرایی گۆڕا؛ شەڕ و جیاوازییە کۆنەکانی نێوان هاندەرانی دوو یانەی “سان لۆرێنزۆ” و “هوراکان” جارێکی دیکە سەری هەڵدا و پێکدادانێکی توندوتیژ لە نێوان هاندەراندا درووست بوو. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەردوولا بتڵی شووشەیی و زبڵدان و کورسی و تەنانەت مێزیان بەسەر یەکتردا فڕێداوە و دیمەنی گرژیان لە سەنتەری شارەکە دروستکردووە.
لە کۆتاییدا پۆلیسی ئەتلەنتا دەستوەردانی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ئەو دوو گروپەی لەیەک جیاکردەوە و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ململانێکان کرد. هەروەها گرتە ڤیدیۆییەکانی شوێنی ڕووداوەکە دەریدەخەن کە لانیکەم کەسێک دەستگیرکراوە و بە دەستبەندەوە دەبرێت. ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە نیگەرانییەکانی لەبارەی کێشە ئەمنییەکانی دەوروبەری یارییە هەستیارەکەی ئەرجەنتین و ئینگلتەرا دروستکردووە.
No Comment! Be the first one.