چاویارنیوز _ ئێستا یانەی هیلالی سعودیە بە مەبەستی تەواوکردنی پڕۆژە گەورەکەی بۆ زاڵبوون بەسەر تۆپی پێی ئاسیادا، هەوڵدەدات یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی تۆپی پێی ئەوروپا بۆ خۆی ڕابکێشێت.
ڕاپۆرتە نوێیەکان لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەڕێوەبەرانی ئەم یانە سعودیە یەکەم هەنگاوی خۆیان بۆ ڕاکێشانی “عوسمان دیمبلێ”، ئەستێرەی تەمەن 29 ساڵ و یاریزانی هەڵبژاردەی پاریس سانجێرمان ناوە.
بەگوێرەی ساشا تاڤۆلیێری، یانەی هیلال کە لەم دواییانەدا بەهێزی خۆی لە بازاڕدا نیشان دا بە کڕینی کرێسینسۆ سامروڤیل لە وێستهام، ئێستا سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی هێرشبەر و باڵەکانی هەڵبژاردەکەیە. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بەر لە دانوستانی فەرمی و سەخت لەگەڵ پاریس سانجێرمان، هیلال سەرەتا پەیوەندی بە کەسوکار و نوێنەرانی دیمبلێ کرد بۆ ئەوەی بزانێت لە خواستی ئەو یاریزانە بۆ گواستنەوەی بۆ تۆپی پێی سعودیە.
بەڵام ڕێگای گواستنەوەی ئەو یاریزانە باڵە فەرەنسییە کە پێشتر خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەستهێناوە، پڕە لە ئاستەنگی. دیمبلێ لە ئێستادا لە گفتوگۆدایە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، بڕیارە گرێبەستەکەی ئێستای لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٨ کۆتایی پێبێت، بۆیە هیلال تەنها دەتوانێت مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پاریسییەکان بکاتەوە ئەگەر دیمبلێ ڕوانگەیەکی ئەرێنی هەبێت بۆ پڕۆژەی نوێی هیلال. ئەگەر ئەو ئەستێرەیە ئۆفەرەکەی سعودییەکان قبوڵ بکات، هیلال ئامادەیە یەکێک لە گەورەترین گواستنەوەکانی هاوینە ئەنجام بدات بە ئۆفەرێکی سەرسوڕهێنەر.
No Comment! Be the first one.