چاویارنیوز _ دوای ئەوەی پورتوگال بە ئەنجامی 1 _ 0 بە ئیسپانیای دۆڕا و لە مۆندیالی 2026 دوورخرایەوە، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە سۆزەوە باسی لە کۆتایی خەونی خۆی بۆ بردنەوەی پاڵەوانێتی جیهانی کرد و دووپاتیکردەوە کە ئەم پاڵەوانێتییە دوایین دەرکەوتنی بووە لە مۆندیالدا.
کاپتنی پورتوگال کە دوای دۆڕاندنەکەی بەرامبەر ئیسپانیا بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە یاریگای بەجێهێشتووە، لە یەکەم لێدوانیدا دەڵێت: دڵتەنگم، بەڵام هەموو هەوڵێکم دا و بە ویژدانێکی ئاسوودەوە دەڕۆم، ئەمە دوا مۆندیالی من بوو و ئێستا دەبێت بیربکەمەوە، لەگەڵ خێزانەکەم بم و بەردەوام بم لە ژیانی خۆم.
ڕۆناڵدۆ کە لە شەشەمین مۆندیالدا لە ژیانی وەرزشیدا یاری کرد، جەختی لەوە کردەوە کە خۆی و هاوڕێکانی هیچ پەشیمان نین لە هەوڵەکانیان سەرەڕای ئەوەی پورتوگال نەیتوانی بگاتە قۆناغی کۆتایی و پێی وایە هەموو توانایان بەکارهێناوە بۆ سەرکەوتنی تیپەکە.
ئەفسانەی تۆپی پێی پورتوگالی هەروەها سەبارەت بە گەورەترین شەرەفی ژیانی وەرزشی لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا وتی: ژیان بەردەوامە و سبەی ڕۆژێکی نوێیە، گەورەترین دەستکەوتم لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیدا بردنەوەی یۆرۆی 2016 بوو، ئەو جامە بۆ من بەقەد مۆندیال بەنرخە و بە هەمان شێوە بەناوبانگە.
بەم لێدوانانە ڕۆناڵدۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە سەرکەوتنە مێژووییەکەی پورتوگال لە یۆرۆی 2016دا وەک گرنگترین یادەوەری ژیانی وەرزشی هەڵبژاردەی نیشتمانییەکەی دەمێنێتەوە؛ ئەو پاڵەوانێتییەی کە پورتوگال یەکەم نازناوی گەورەی نیشتمانی بەدەستهێنا. ئێستا لەگەڵ کۆتایی هاتنی مۆندیالی 2026، پێدەچێت بەشداریکردنی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە گەورەترین پێشبڕکێی تۆپی پێی جیهانda بۆ هەمیشە کۆتایی هاتووە.
No Comment! Be the first one.