چاویارنیوز – لە شەوێکی تاڵ و نامۆدا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ڕیال مەدرید نەک هەر نەیتوانی سوود لە میوانداری و لە یاریگای خۆی وەربگرێت، بەڵکو بە ئاستێکی خراپ لە هەموو هێڵەکان و ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکاندا بە ئەنجامی ٢-٠ بە سێلتاڤیگۆ دۆڕا.
ئەم یارییە کە بڕیار بوو کۆتایی قەیرانی چەند هەفتەی ڕابردوو بێت بۆ مەدرید، بووە خاڵی دەستپێکی نیگەرانی نوێ؛ بە پێکانێکی سەختی ئیدەر میلیتاو و دەرکردنی فران گارسیا و ئەلڤارۆ کارێراس و نەتوانینی سودوەرگرتن لە دەرفەتەکان، شەوەکەی بە تەواوی تاریک کرد بۆ قوتابیانی چابی ئەلۆنسۆ.
ڕیاڵ یارییەکەی باشتر دەستپێکرد و چەندین دەرفەتی جددی ڕەخساند؛ لە هاتنە ناوەوە و لێدانی ئارسەر گولەرەوە تا لێدانی سەری مەترسیداری بێلینگهام، کە هەر جارێک بەهۆی کاردانەوە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕادو گۆڵپارێزی سێڵتا پووچەڵ دەکرایەوە. بەختی خراپی یانەی میواندار کاتێک تەواو بوو کە میلیتاو لە خولەکی ٢٤دا یاریگای بەجێهێشت و پێکهاتەی بەرگری تیپەکەی بەرەو تێکچوون برد.
سێلتاڤیگۆ لە گێمی دووەمدا بە تەواوی سوودی لە پشێوی ڕیاڵ وەرگرت. سەرەتا سویدبۆرگ بە لێدانێکی ورد گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، دواتر گارسیا کارتی زەردی دووەمی وەرگرت و تیپەکەی بۆ ١٠ یاریزان کەمکردەوە. فشاری دەروونی و ژمارەیی ڕێگری لە وەڵامدانەوەی کاریگەرانەی ڕیاڵ دەکرد؛ تەنانەت دەرفەتە یەک بە یەکەکانی ئمباپێش لەدەستدرا.
لە خولەکەکانی کۆتاییدا، دەرکردنی کارێراس شتەکانی قورستر کرد، سێلتاش لە کاتی زیادکراودا گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، بە پاسێکی ئەسپاس و دریبڵێکی جوان لەلایەن سویدبۆرگەوە و شکستی میوانداریی تۆمارکرد. بەم دۆڕاندنە جیاوازی ڕیاڵ لەگەڵ بەرشەلۆنەی پێشەنگ بۆ چوار خاڵ بەرزبووەوە و قەیرانی ئەلۆنسۆش چووە قۆناغێکی نیگەرانکەرترەوە.
No Comment! Be the first one.