چاویارنیوز ـــ دیمیتار بێرباتۆڤ، هێرشبەری زیرەک و تەکنیکی پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ ڕیۆ فێردیناند، ئەزموونی تاڵ و باوەڕپێنەکراوی ڕفاندنی لە تەمەنی گەنجیدا ئاشکرا کرد.
ئەستێرە بولگارییەکە کە دواتر لە ئۆڵدترافۆرد دەدرەوشێتەوە و لەگەڵ یونایتد دوو نازناوی پرێمەرلیگ بەدەستدەهێنێت، ڕایگەیاندووە، لە تەمەنی 18 ساڵیدا بووەتە قوربانی هەوڵی باندێک بۆ ڕفاندنی، ئەو کاتەی یاریزانی یانەی سی ئێسکا سۆفیا بووە.
ناوبراو دەڵێت، یەکێک لە هاوڕێکانی بانگهێشتی کردووە بۆ ئەوەی چاوی بە چەند پیاوێک بکەوێت، بەڵام کۆتاییەکەی لە چێشتخانەیەکی پڕ لە کەسانی گەورە و پڕ لە نهێنی بووە. بێرباتۆڤ وتی: یەکێک لە پیاوەکان پێی وتم پێویستە تیپەکەم بگۆڕم و پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکەم، وتم یانەی سی ئێسکام خۆشدەوێت، بەڵام وتی “ئێمە چاکی دەکەینەوە”. هەر لەو کاتەدا زانیم کە کارێکی جدییە و تەنها شتێک کە دەمتوانی بیری لێبکەمەوە پەیوەندیکردن بە باوکمەوە بوو.
بێرباتۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای چەند کاتژمێرێک ڕێگەی پێدراوە پەیوەندی بە باوکیەوە بکات و لە کۆتاییدا بەبێ هیچ زیانێک ئازادکراوە، هەرچەندە ڕووداوەکە تا ماوەیەکی زۆر ترس و دڵەڕاوکێی بەدواوە بووە. ناوبراو وتیشی: پێم وابوو هەموو شتێک کۆتایی هاتووە و دەبێت تیپەکان بگۆڕم ئەگەرنا لێم دەدەن.
ئەو ڕووداوە لە سەرەتای ژیانی وەرزشی بێرباتۆڤدا بوو؛ دواتر لە ساڵی 2001دا بە گواستنەوەی بۆ بایر لیڤەرکوزن دەستی بە ژیانی وەرزشی خۆی دەکرد، پێش ئەوەی بچێتە تۆتنهام و دواتر مانچستەر یونایتد، لەوێ بووە یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی ئەو دەیە.
No Comment! Be the first one.