چاویارنیوز _ سەرۆکی فیفا بەهۆی بڕیارە مشتومڕاویەکەیەوە لە دۆخێکی سەختی بێ وێنەدایە و تەنانەت ڕەنگە کارەکەشی لەدەست بدات.
جیانی ئینفانتینۆ ڕووبەڕووی جددیترین قەیرانی ژیانی بەڕێوەبردنی بووەتەوە؛ قەیرانێک کە دەتوانێت ببێتە هۆی دوورخستنەوەی لە سەرۆکایەتی یەکێتی تۆپی پێی جیهان.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تێلێگراف، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ئۆڵتیماتۆمی بە ئینفانتینۆ داوە کە یان دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە، یان ڕووبەڕووی دەنگدانی نائاسایی دەبێتەوە. دەوترێت هەر 55 ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ئامادەن دەنگ بە دوورخستنەوەی بدەن ئەگەر ئینفانتینۆ ڕەتیبکاتەوە دەست لەکاربکێشێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پشتیوانی 43 ئەندام بەس دەبێت بۆ ئەوەی دەنگی نەبوونی متمانەی پێبدرێت. ئەم گرژییانە دوای ئەوە ڕووی داوە کە ئینفانتینۆ ناچار بوو دەستبەرداری پلانێکی مشتومڕاوی بێت بۆ فرۆشتنی بەشێک لە مافە بازرگانییەکانی مۆندیال؛ پڕۆژەیەک کە بەهای نزیکەی 15 ملیار پاوەند مەزەندە کرابوو.
No Comment! Be the first one.