چاویار نیوز – ئەمڕۆش، بەدر عەبدولعەتی، وەزیری دەرەوەی میسر بە مەبەستی بەشداریکردن لەکۆبونەوە چوارقۆڵییەکە گەیشتە ئیسلام ئاباد.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نور خان پێشوازیی لەهاوتا میسرییەکەی کردوە.
لەڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتوە، سەردانەکە تەنیا بۆ بەشداریکردن نییە لەکۆبونەوە چوارقۆڵییەکەدا، بەڵکوو بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و میسرە لەچەندین بواردا لەداهاتودا، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، رەوشی ئێستای ناوچەکە لەسەروی کارە لەپێشینەکانەوەیە.
بڕیاریشە، هەریەک لەفەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودییەو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بگەنە ئەو وڵاتە بۆ بەشداریکردن لەکۆبونەوەکە.
محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەو کۆتاییهێنان بەم شەڕەی ئێستا.
هەروەها گوتیشی، وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵاتی تورکیا، سعوودیە و میسر لە پاڵ بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوە سەرەکییەکەدا، کۆبوونەوەی جیاجیاش لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئەنجام دەدەن.
وەزیری دەرەوەی پاکستان جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتەکەی لەڕۆژانی رابردودا پەیامی لەنێوان لایەنەکانی شەڕەکەدا گواستووەتەوە، بەتایبەتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران وەک هەوڵێک بۆ نزیککردنەوەی بۆچونەکان.
No Comment! Be the first one.