چاویار نیوز – سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند كە لە چوارچێوەی ڕێژنەی 44ی هێرشەكانیدا، چەندین ئامانجیان لە قودسی ڕۆژئاوا، تەلئەبیب و ئیلات لە ناو جەرگەی قەوارەی زایۆنی پێكاوە و مووشەكەكانی خوڕەمەشهەر، خەیبەر شكێن، فەتاح، عیماد و قەدر و درۆنی پیشكەوتوویان بەكار هێناوە.
هاوكات سوپای پاسداران ئاشكرای كرد كە بنكەی “موەفەق سلتی” و چەند بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكایان لە مەنامە و هەولێر بە مووشەك و درۆن بۆردومان كردووە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەرگریی ئاسمانیی “بەرەی بەرگری” فڕۆكەیەكی سووتەمەنی ئەمریكایان خستووەتە خوارەوە و شەش سەرباز تێیدا كوژراون.
سوپای پاسداران هۆشدارییەكی توندیشی ئاراستەی هێزەكانی ئەمریكا كرد و ڕایگەیاند؛ دەبێت بە خێرایی ناوچەكە چۆڵ بكەن، ئەگەرنا لە هەر شوێنێك بن، چ لە هۆتێل یان حەشارگەكان، دەبنە ئامانج و دەیاننێژین.
لەلایەكی دیكەوە، میدیاكانی قەوارەی زایۆنی بڵاویان كردەوە، بەهۆی كەوتنەخوارەوەی تەنیا یەك مووشەك لە ناوچەی جەلیل لە باكووری قەوارەكە، 80 زایۆنی بریندار بوون و زیانێكی زۆر بە 300 یەكەی نیشتەجێبوون گەیشتووە، وەزارەتی تەندروستی قەوارەكەیش ئامارێكی بڵاو كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە كە تا ئێستا دوو هەزار و 975 كەس لە سەرەتای جەنگەكەوە بریندار بوون كە 85 كەسیان هیشتا لەژێر چاودێری پزیشكیدان و چارەسەر وەردەگرن.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەیشدا هەریەك سعودیە و ئیمارات بەرپەرچدانەوەی چەندین هێرشی ئاسمانی لە ئاسمانی وڵاتەكانیان ڕاگەیاند كە بەرژەوەندی و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكایان بە ئامانج دەگرت.
No Comment! Be the first one.