چاویار نیوز – بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی “تەسنیم” ـی ئێرانی، تاران لە وەڵامەكەیدا كە شەوی ڕابردوو ناردوویەتی، جەختی لەوە كردووەتەوە، دەبێت دەستدرێژییەكان بەتەواوی بوەستن و گرەنتی بدرێت كە جەنگ دووبارە نابێتەوە، هەروەها داوای قەرەبووی دارایی جەنگ و وەستانی هێرشەكان لەسەر سەرجەم بەرەكانی میحوەری موقاوەمە دەكات.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە، كە سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا مافێكی یاساییە و وەك زامنی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی ئەمریكا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، ئەم مەرجانەش جیاوازن لەو داواكارییانەی پێش هێرشەكەی مانگی شوبات لە دانوستانەكانی جنێڤ خرابوونە ڕوو.
سەرچاوەكە بانگەشەكانی ئەمریكای بۆ دانوستان بە پرۆژەی “خەڵەتاندنی سێیەم” ناو برد، كە ئامانج لێی نیشاندانی وێنەیەكی ساختەی ئاشتیخوازانەیە بۆ جیهان و هێشتنەوەی نرخی نەوتە لە ئاستێكی نزمدا، تاوەكو كات بكڕێت بۆ ئامادەكاریی سەربازیی نوێ و هێرشكردنە سەر باشووری ئێران.
لە كۆتاییدا تاران ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەمریكا و قەوارەی زایۆنی لە كاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەكاندا هەم جەنگی ((12)) ڕۆژە و هەم جەنگی ڕەمەزانیان دەست پێ كردووە، بۆیە ئێستا گومانیان لە نیازی ئەمریكا هەیە و ڕایدەگەیەنن: قسەكردن لەسەر ئاشتی تەنیا بیانوویەكە بۆ ئەنجامدانی تاوانی نوێ.
No Comment! Be the first one.