چاویارنیوز – نوعمان کورتولمووش بە بەدەستهێنانی 329 دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرایەوە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا سێشەممە، سێی حوزەیرانی 2025 بەڕێوەچوو و تێیدا پێنج پەرلەمانتار خۆیان بەربژێر کردبوو؛ لە یەکەمین و دووەمین گەڕی هەڵبژاردنەکەدا هیچ کام لە بەربژێرەکان دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا و بەو جۆرەیش پرۆسەی دەنگدان کەوتە گەڕی سێیەم.
نوعمان کورتولمووش کە بەربژێری ئاکپارتی، مەهەپە و هوداپار بوو، لە سێیەمین گەڕی هەڵبژاردنەکەدا 329 دەنگی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرایەوە.
دەنگی بەربژێرەکانی دیکە بەمشێوەیە بوو؛
ئوغور بایراکتوتان، بەربژێری جەهەپە: 118 دەنگ
جەنگیز چاندار، بەربژێری دەم پارتی: 18 دەنگ
محەممەد کارامان، بەربژێری پارتی رێگەی نوێ: 26 دەنگ
مستەفا جیهان پاچاجی، بەربژێری ئیی پارتی: 26 دەنگ
لە گەڕی سێیەمدا 11 دەنگی پووچەڵ هەبوون و کەسێکیش پسووڵەی دەنگدانی بەبەتاڵی خستە نێو سندووق.
بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی تورکیا، سەرۆکی پەرلەمان بە دەنگی 400 پەرلەمانتار هەڵدەبژێردرێت. ئەگەر هیچ کام لە بەربژێرەکان 400 دەنگیان بەدەستنەهێنا، پرۆسەی دەنگدان دەچێتە گەڕی دووەم.
لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر کام لە بەربژێرەکان 365 دەنگ بەدەستبێنێت، دەبێتە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.
ئەگەر ئەو دەنگانەش لەلایەن هیچ کام لە بەربژێرەکانەوە بەدەستنەهات، پرۆسەکە دەچێتە گەڕی سێیەم و هەر کام لە بەربژێرەکان 301 دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.
ئەگەر لە گەڕی سێیەمیشدا یەکلایی نەکرایەوە، لە گەڕی چوارەمدا کێبڕکێ لەنێوان دوو بەربژێر دەکرێت و کامەیان زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.
نوعمان کورتولمووش کێیە؟
– رۆژی 15ـی ئەیلوولی 1959 لە پارێزگای ئۆردوی تورکیا لەدایکبووە
– بڕوانامەی ماستەری لە بەشی کارگێڕیی کار لە زانکۆی ئیستەنبووڵ بەدەستهێناوە
– جگە لە زمانی تورکی، زمانی ئینگلیزی بەباشی دەزانێت
– ساڵی 2012 پەیوەندی بە ئاکپارتییەوە کرد
– لە ساڵانی 2017-2018 وەزیری کولتوور و گەشتوگوزار بوو
– لە ساڵانی 2018-2023 بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی بوو
– لە 7ـی حوزەیرانی 2023 بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرا
-ئەمڕۆ سێی حوزەیران بۆ دووەمینجار بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرایەوە
No Comment! Be the first one.